حەسەن رووحانی: توانیمان بەشی زۆری پلان و پرۆژەکان جێبەجێ بکەین

02-08-2021
فریا یونسی
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران. وێنە: AFP
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران. وێنە: AFP
نیشانەکردن حەسەن رووحانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوایین رۆژی کابینەی سەرۆککۆماری ئێرانە. حەسەن رووحانی بەو کلیلەوە کە دەیگوت دەرگاکانی پێدەکاتەوە و بە بەڵێنی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی ئێران لە 100 رۆژدا، بووە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.
 
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند "کاتێک من گوتم لە 100 رۆژی یەکەمدا هەوڵدەدەین هەنگاوی گرنگ بۆ وڵاتەکەمان بنێین، زۆر کەس وایان نیشاندا کە لە مانای ئەو 100 رۆژە تێناگەن و زۆر کەسیش گوتیان: مەگەر دەکرێت لە 100 رۆژدا کێشەکان چارەسەر بکرێن؟ زۆربەی بابەتەکانمان لە هەمان 100 رۆژی یەکەمدا بە ئەنجام گەیاند".
 
یەکەم بڕیاری کابینەی رووحانی بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بوو. تاوەکو ئێستا 11 هەزار ملیار تمەن لەو پرۆژەیە خەرجکراوە، بەڵام هێشتا مەترسیی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ لە جێی خۆیەتی.
 
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت "یەکەمین بڕیارمان بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بوو کە لە یەکەم کۆبوونەوەماندا بەڵێنمان بە خەڵکی پارێزگاکانی ورمێ و تەورێز دا و لە 100 رۆژدا نیشانماندا دڵسۆزی خەڵکی ئەو ناوچەین". حەسەن رووحانی راشیگەیاند "کێشەکانی ئێران بە میانڕەوی چارەسەر دەکرێن.. توانیمان بەشی زۆری پلان و پرۆژەکان جێبەجێ بکەین"، ئاماژەی بەوەش کرد، لە شەڕی ئابووریدا "فەرماندەیەکی بێ سەرباز و بێ چەک" بووە.
 
لە هەشت ساڵی کابینەی رووحانیدا، گۆڕانکارییەکی زۆر لە ئێران روویدا. سەرۆککۆمارێک کە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی 10 ماددەیی لە ساڵی 2013 و لەوپەڕی کێشە ئابووری و سیاسییەکانی نێو ئێراندا، دەستی بە بانگەشە و بانگهێشتی هەموو نەتەوەکانی نێو ئێران کرد.
 
بڕیاربوو لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشداری بە هەموو پێکهاتەکان بکات. بەرپرسیارێتی بە کەسانی شیاو بدات و لە کەسانی خۆجێیی کەڵک وەربگرێت. هەروەها یاسای خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانە و زانکۆکان جێبەجێ بکات و روانگەی ئەمنی لەسەر پێکهاتەکان نەهێڵێت؛ بەڵام بەیاننامەکەی جێبەجێ نەکرد. بەڵێنی خوێندن بە زمانی دایکیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بووە کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی سنە. بەڵێنی دانانی کەسانی شیاوی خۆجێییش، بە بیانووی نەبوونی کەسانی شیاو، پشتگوێخرا.
 
یەکێکی دیکە لە کێشە جدییەکانی کابینەی یەکەم و دووەمی حەسەن رووحانی کێشەی ئابووری بوو. کاتی دەستپێکردنی کابینەی حەسەن رووحانی، فرۆشی نەوتی ئێران بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە بە کەمترین ئاستی خۆی گەیشتبوو.
 
داهاتی نەوتی ئێران تاوەکو ساڵی 2013 و دەستپێکی کابینەی رووحانی، گەیشتبووە 27 ملیار دۆلار. لە کابینەی رووحانیدا گفتوگۆ و دانوستاندنی ئێران لەگەڵ 1+5 دەستیپێکرد و دوای رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015 داهاتی نەوتی ئێران وردە وردە بەرزبووەوە و گەیشتە 40 ملیار دۆلار؛ بەڵام لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ئەو داهاتە بە تەواوی کەمیکرد و بۆ یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 99ی هەتاویدا دابەزی. بە گوتەی وەزیری نەوتی ئێران لە هەشت ساڵی ئەو کابینەیەدا کەمتر لە 100 ملیار دۆلار نەوت فرۆشراوە.
 
کابینەی رووحانی بۆ پڕکردنەوەی بودجە، کەڵکی لە هەندێک رێکاری دیکە وەرگرت کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک دانا؛ یەکێک لەوانە گرانکردنی سێ هێندەی بەنزین بوو، کە بووە هۆی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019.
 
کارێکی دیکەی کابینەی رووحانی فرۆشتنی داراییەکانی حکومەت بوو لە بازاڕی بۆرسەدا و بانگهێشتی خەڵک بۆ هێنانی سەرمایەکانیان بۆ ئەو بازاڕە کە بووە هۆی مایەپووچبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی بەشداربوو لە بازاڕی بۆرسەدا؛ هەروەها خستەبازاڕی زۆری نەختینە.
 
ئێستا رێژەی هەڵئاوسان لە ئێران 44.5%ـە و رێژەی بێکارییش 8.8%، کە لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا کەمتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس هەلی کاریان بۆ رەخساوە. خۆشبژێویی خێزانەکان 16 بۆ 35% دابەزیوە و مامناوەندیی نرخی پێداویستییەکانی خەڵک لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا 4.5 هێندە و نرخی خۆراک 5.5 هێندە زیادیکردووە. نرخی خانوو لە شارەکاندا شەش هێندە و نرخی دۆلاریش لە کەمتر لە سێ هەزار تمەنەوە بۆ 25 هەزار تمەن، واتە نزیکەی هەشت هێندە زیادیکردووە.
 
یەک لە رەخنەکانی دیکەی سەر کابینەی حەسەن رووحانی، شێوازی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پێدانی پێکوتە بە هاووڵاتییانە کە هێشتا کەمتر لە 10 ملیۆن کەس لە ئێران پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە. هەروەها دانوستاندنەکانی کابینەی رووحانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکاش، لە شەش مانگی رابردوودا ناسراو بە دانوستاندنەکانی ڤیەننا، بە جۆرێک گەیشتە بنبەست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. شلێر رەشیدی، چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی

د. شلێر رەشیدی: لە ئێران تووندوتیژیی دژی ژنان لە زیادبووندایە

چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی، د. شلێر رەشیدی رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەو بۆشاییە قووڵەیە کە لەنێوان "ئاستی بەرزی تێگەیشتنی ژنان" و "یاسا و دابونەریتە کۆنەکان"دا دروست بووە.