زۆربوونی زبڵ و خاشاک دانیشتووانی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی نیگەران کردووە

05-01-2024
شەقامەکانی بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان
شەقامەکانی بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زبڵ و خاشاک و پاشماوەیەکی زۆر لەبەردەم دەرگەی ماڵاندا کەڵەکە بووە و شارەوانیی شارەکەش نزیکەی هەفتەیەکە بە کۆکردنەوە و فڕێدانی پاشماوەی نێو شار راناگات.
 
ئەنوەر رەحمانی، یەکێکە لە میوەفرۆش و دووکاندارەکانی ئەو شارە و دەڵێت، "سێ بۆ چوار رۆژ دەبێت نەمدیون، پێشووتر شۆفێرێک و کارمەندێک بوون دەهاتن بەڵێ، نازانم ئەگەر چووبنە جێگەیەکی دیکە ئەگینا دەهاتن خاوێن و تەممیزیان دەکردەوە." 
 
کۆنەکردنەوە و فڕێنەدانی زبڵی نێو شاری بۆکان، ئەگەر بۆ زۆربەی دانیشتووانی ئەو شارە، جاروبار ببێتە کێشەیەکی گەورە، بۆ خەڵکی گەڕەکەکانی قەراخ شارەکە، کێشەیەکی هەمیشەییە. شەقام و کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکانە قیرتاو نەکراون و تیمەکانی شارەوانی ناچنە ئەو گەڕەکانەی خزمەتگوزارییان بۆ دابین نەکراوە.
 
کورووش ئەمینی، دووکاندارێکی دیکەی ئەو شارەیە دەڵێت، "ماڵەکان بۆخۆیان خاوێنی دەکەنەوە، زۆربەی جار دەبێتە قوڕ و چڵپاوێک بە تایبەت ئەوبەر، خۆتان وێنەتان گرت، سێ بۆ چوار مانگە ئەو خاشاکە دانراوە و فڕێ نەدراوە، تەپووتۆزی زۆر زۆرە، من دووکانەکەم لەوبەرەوەیە، وەرە دووکانەکەم تەپووتۆزی ئەم ناوچەیەی لێیە." 
 
بەشێک لە خەڵکی بۆکان، هۆکاری ئەو کێشانەی لەو شارە سەریهەڵداوە، بۆ ناکۆکی نێوان ئەنجوومەنی شار و سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکە دەگەڕێننەوە. سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی شارەکە بڕیاریدا سەرۆکی شارەوانیی بۆکان لەسەر کار لابدرێت. هێشتا بڕیارەکە نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردن، بەڵام کاریگەری لەسەر خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی داناوە.
 
بۆکان دەکەوێتە باشووری پارێزگای ورمێ. لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە سێیەم گەورەشاری پارێزگاکەیە و 273 هەزار دانیشتووی هەیە. ئەو شارە لە ساڵانی دواییدا لە رووی ژمارەی دانیشتووان و رووبەریشەوە زۆر گەورە بووە، بەڵام خزمەتگوزارییەکان لەو شارە لە ئاستی گەورەبوونەکەیدا نین. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی نێچیرڤان بارزانی و سەربەست بامەڕنێ کە لەلایەن بەشی دیجیتاڵ کرەتیڤی رووداو نەخشێنراون

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەست بامەڕنی دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی نووسەر و رۆژنامەڤان، سەربەست بامەڕنی بە تەلەفۆن لەگەڵ ماڵباتەکەی قسەی کرد و سەرەخۆشی لێکردن و هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆی بۆ دەربڕین.