رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی ئێران داوا دەکات حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران یەکسەر دادگایی بکرێت و دەڵێت: "لێکدانەوەی زەرەر و قازانجی دادگاییکردنی حەسەن رووحانی و تیمەکە خیانەتکارەکەی، دروست نییە".
جەواد نیکبین، پەرلەمانتاری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە وتارێکدا کە لە پەرلەمانی ئێران پێشکەشی کرد بە ئاماژەدان بە زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی ئێران بە ناوی 'گاندوو'، گوتی: "یان ئەو ئەڵقەیە درۆیە، کە ئەگەر درۆیە با بڵاونەبێتەوە، یان ئەو بابەتانەی کە تێیدا باس دەکرێ راستن و بەم پێیە رووحانی و تیمەکەی خێرا دادگایی بکرێن".
زنجیرەی گاندوو لە کاناڵی سێی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانەوە بڵاودەبێتەوە، لە ناوەڕۆکەکەیدا رەخنە لە حکومەتی حەسەن رووحانی بە تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەگرێت.
بەهاری ساڵی 2019 سیزنی یەکەمی زنجیرەی گاندوو بڵاوبووەوە، یانەی هەواڵنێرانی جەوان، سەر بە تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە: "گاندوو فیلمێکی دژە سیخوڕییە و سیناریۆکەشی بەپێی بەڵگەنامە و رووداوە مێژووییەکانی ئێران نووسراوە".
عەباس موسەوی، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی 29-08-2019 گوتی: محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران، لەسەر ئەو فیلمە سکاڵای بردووەتە لای رێبەری ئێران.
موسەوی گوتی: "زەریف لە نامەیەکدا بۆ سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێران گوتوویەتی ئەگەر ئەو شتانەی لەو فیلمەدا باس دەکرێن دروست بێت، مانەوەی وەک وەزیری دەرەوە لەڕووی شەرعییەوە رێپێدراو نییە".
جەواد نیکبین، پەرلەمانتاری ئێران ئەمڕۆ 05-09-2021 داوای لە دەزگای دادی ئێران کرد "دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە حکومەتی پێشوو تاوتوێ بکات".
ئەو رووی لە محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کرد و گوتی: "باشتر وایە سەرۆکایەتیی پەرلەمان فەرمان بە تەلەفزیۆن بکات یان ئەڵقەی گاندوو رابگرێت یان لە داهاتوویەکی نزیکدا حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دادگایی بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ