پار 7000 کەس لە تاران بەهۆی هەوای پیسەوە گیانیان لە دەستداوە

06-08-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە کوالێتیی هەوا و گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو زیاتر لە 7 هەزار کەس لە تاران بەهۆی پیسیی هەوا گیانیان لەدەستداوە. 
 
عەباس شاهسونی، جێگری سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە کوالێتیی هەوا و گۆڕانی کەشوهەوا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند لە ساڵی 1403ی هەتاوی لە تاران، حەوت هەزار و 342 بەهۆی وردیلەی پیس گیانیان لەدەستداوە. 
 
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن ناوەندی توێژینەوە لە کوالێتیی هەوا و گۆڕانی کەشوهەوای زانکۆی بەهەشتی کراوە و بەپێی ئەنجامەکەی گیان لەدەستدان بەهۆی پیسی هەوا بەراورد بە ساڵی 1402 نزیکەی یەک لە سەت بەرز بووەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکان لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوی تاوەژو چەند رۆژ پێش، تاران تەنیا 6 رۆژ هەوای خاوێن بووە. 
 
محەممەد سادق حەسەنوەند، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پیسی هەوا لە زانکۆی پزیشکیی تاران ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو، ساڵانە نزیکەی 450 هەزار کەس لە ئێران بەهۆکاری جیاواز گیان لەدەستدەدەن لەو ژمارەیە 50 هەزار کەسیان بەهۆی پیسی هەوایە. 
 
زیانە ئابوورییەکان بەهۆی پیسیی هەوا لە ئێران بە نزیکەی 23 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە