ئیبراهیم رەئیسی: قاسم سولەیمانی بەرگریی لە هەرێمی کوردستان کردووە

08-05-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران باسی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کرد و گوتی، "ئێران سەلماندوویەتی دۆست و پشتیوانی دراوسێکانیەتی."
 
لە لێدوانی مانگانەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە، باسی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و جیهان کرا و سەرۆککۆماری ئێران گوتی، "ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی 45 ساڵ هەوڵیانداوە هەموو وڵاتان بکەنە دووژمنی ئێران، بەڵام ئێران سەلماندوویەتی دووژمنایەتیی هیچ وڵاتێک ناکات و بەردەوام پشتیوانیی دراوسێکانی و وڵاتانی ناوچەکە بووە."
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا ئیبراهیم رەئیسی باسی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "لەو کۆبوونەوەدا باس لە بەرگرییەکانی قاسم سولەیمانی لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر داعش کراوە و خەڵکی کوردستان هەرگیز ئەو پاڵپشتییە لەبیر ناکەن."
 
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی، هەڵوێستێکی دروستە و ئێمە بەردەوام بە وڵاتانی دراوسێمان گوتووە، ئێران دۆستی ئێوەیە. لە چەندین رووی جیاوازیشەوە سەلمێندراوە. دوێنێ لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، دانیان بەوەدا نا کە ئەو کارەی حاجی قاسم سولەیمانی کردی بۆ بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان، کە داعش نەتوانێت لەوێ بگاتە ئامانجە چەپەڵەکانی، هەرگیز لە بیرەوەریی کورد ناسڕدرێتەوە. بەردەوام لە بیرەوەریی خەڵکی عێراق و کوردستاندا ماوەتەوە کە ئێران بە چ شێوەیەک لە بەرامبەر دووژمناندا، بەرگریی لێکردن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە