رووداو دیجیتاڵ
شەقامەکانی تاران شڵەژاون و بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکان بە نیگەرانییەوە لە رووداوی هێلیکۆپتەری سەرۆککۆمار دەڕوانن کە تائێستا هیچ سەرەداوێکی نییە.
هادی، فەرمانبەرە و دەڵێت، "لە ناخی دڵەوە بەو رووداوە خەمبارین کە تائێستا هۆکارەکەی دیار نییە. سەرۆکی دەوڵەت یەکێکە لە خزمەتکارەکانی گەل و نزا دەکەین ئەو و یاوەرانی بە تەندروستیی باشەوە بدۆزرێنەوە."
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، هێلیکۆپتەری سەرۆککۆمار و یاوەرانی تووشی نیشتنەوەیەکی سەخت بوون. تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر رەوشی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران نییە و تیمە فریاگوزارییەکان بەردەوامن لە گەڕان.
سەختیی ناوچەکە و نالەباریی کەشوهەوا گەڕانەکەی قورستر کردووە.
وەکیلی، رۆژنامەڤانە و دەڵێت: "لە راستیدا، ترس باڵی بەسەرماندا کێشاوە. هەستێکی سەیرە کە پێشتر بۆ حاجی قاسم سلێمانی هەمانبوو. هەستێکی باش نییە، دەخوازم ئەوان باشبن و بدۆزرێنەوە."
عێراق، سعودیە، ئازەربایجان و تورکیا دەڵێن ئامادەی هاوکارین لە دۆزینەوەی سەرۆککۆماری ئێران. رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش داوای دانبەخۆداگرتن دەکات.
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "هیوادارین خودای گەورە سەرۆکی ئازیز و یاوەرانی بگەڕێنێتەوە باوەشی گەلەکەی. با خەڵک نیگەران نەبێت، هیچ کێشەیەک بۆ دەوڵەت و کاروبارەکانی دروست نابێت."
ئیبراهیم رەئیسیی تەمەن 63 ساڵ هەشتەم سەرۆککۆماری ئێرانە و لە هەڵبژاردنەکانی 2021ـدا بووە سەرۆککۆمار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ