رووداو دیجیتاڵ
لەباربردنی کۆرپەلە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێکە لەو دیاردە نوێیانەی چەندین ساڵە لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە هۆشداریی لەبارەوە دەدرێت. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە 500 بۆ 600 هەزار کۆرپەلە لەباردەبرێن، ئەو ئامارەش بەردەوام روو لە هەڵکشانە. حکومەتی ئێران ئێستا داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەکات رێکاری تووند و یاسایی بەرامبەر بەو دیاردەیە بگرێتەبەر.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "بە شێوەی شاراوە و لەژێر زەوییەکاندا بە پارەیەکی زۆر کۆرپەلە لەباردەبەن. باسی ئامارەکان ناکەم، چونکە ئامارێکی دیاریکراو لەبەردەستم نییە، بەڵام بەڕاستی ئەو جۆرەی کە باسی لێدەکەن، لەباربردنی کۆرپەلە، بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگەکەمان و دەبێت وەزارەتی تەندروستی رێکارێکی گونجاو لەوبارەوە بگرێتەبەر. رێکارەکەش چییە؟ رازیکردنی ژنان و پیاوانی گەنج بە راگرتنی کۆرپەلەکانیان، چونکە ئەوە کوشتنی بەئەنقەستە و دەبێت تێیان بگەیێنن کوشتنی بەئەنقەست سزای دەبێت، هەم بۆ ئەوانەی بڕیاردەرن و هەمیش بۆ ئەوانەی جێبەجێی دەکەن. دەبێت دەسەڵاتی دادوەری بە تووندی هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بدات."
حکومەتی ئێران بەردەوام هەوڵی داوە، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی ئەو دیاردەیە بگەڕێنێتەوە بۆ کێشەی کولتووریی خەڵک و نەبوونی حەزی ژنان و پیاوان بە راگرتنی منداڵ. ئەگەرچی لەم دواییانەدا، دان بە کێشەی ئابووریشدا دێنێت وەکو یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی زیادبوونی ئەو دیاردەیە.
ئەنیسە خەزعەلی، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان دەڵێت، "هۆکاری سەرەکیی لەباربردنی کۆرپەلە، کێشە کولتووری و ئابوورییەکانی خێزانن." دەشڵێت، پێویستە بە هەموو توانایان پشتیوانی لەو گرووپ و رێکخراوانە بکەن کە لایەنگری پاراستنی کۆرپەلەن.
کێشەی ئابووری بابەتێکە کە تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆنی کۆمەڵگە و خێزانی پەرلەمان، بەردەوام جەختی لەسەر کردووەتەوە و دەڵێت، زۆربەی ئەوانەی کۆرپەلەکانیان لەباردەبەن، بە گوشاری دایک و باوکەکانیان ئەو کارە دەکەن؛ واتە بە جۆرێک خێزانەکان ئامادەن تێچووی حەب و نەشتەرگەری بدەن، بەڵام کێشەی ئابووری بۆ نەوەکانیان دروست نەکەن.
فاتمە محەممەدبەیگی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵگە و خێزانی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "رێژەی لەدایکبوون بەراورد بە سێ دەیەی رابردوو، یەک لەسەر سێ کەمیکردووە و بەداخەوە دیاردەیەکی شوومیش پەیدا بووە بەناوی لەباربردنی منداڵ کە ئامارەکان باس لەوە دەکەن 85%ی ژنان و پیاوان، زیاتر بە هۆکاری ئابووری لەلایەن دایک و باوکەکانیانەوە هان دەدرێن منداڵەکانیان لەبارببەن، ئەویش یان بە بەکارهێنانی حەب یان بە نەشتەرگەری، کە هەردووکیان کاردانەوەی خراپی لەسەر تەندروستیی ژنان هەیە و مەترسیدارە."
لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی ئێران بەردەوام هەوڵی دەدا، هۆکاری زیادبوونی لەباربردنی کۆرپەلە بگەڕێنێتەوە بۆ پەیوەندیی ناشەرعیی ژنان و پیاوان، بەڵام پەرلەمانی ئێران دەڵێت، تەنیا 7%ی ئەو دیاردەیە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییانە و 93% سەرچاوەی لەنێو خێزانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ