ئەمریکا و ئێران لە عومان گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ئەتۆمی دەکەن

10-05-2025
لهۆن نەسرەدین
دوای دواخستنی گفتوگۆکانیان، ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە لە عومان کۆدەبنەوە.
دوای دواخستنی گفتوگۆکانیان، ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە لە عومان کۆدەبنەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای وەچانێک کە زۆرێک بە وەستانی هەمیشەیی پێناسەیان دەکرد، ئەمریکا و ئێران بەرەو گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ئەتۆمی دەڕۆن، هاوشێوەی دوو گەڕی پێشوو، ئەمەشیان لە مەسقەتی عومان دەبێت.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی دانیشتنەکەوە باسی لەوە کرد، "کات و شوێنی دانوستاندنەکان لە لایەن وڵاتی میواندار و ناوبژیوانکارەوە دیاری دەکرێت کە وڵاتی عومانە. بڕیارە رۆژی یەکشەممە دانوستاندن بەڕێوەبچێت. هەڵوێستی ئێمە ناگۆڕێت، بەڵام لە لایەنی بەرامبەر پەیامی دژبەیەک دەبیستین".
 
پێچەوانەی سێ دانیشتنەکانی دیکە، ئەمجارە دیارە ئەمریکا خۆی لە ئاست یۆرانیۆمی ئێران، یەکلاکردووەتەوە، ترەمپ ئێرانێكی سفر یۆرانیۆم و سفر ژێرخان و سەرخانی ئەتۆمی دەوێت.
 
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "بەرنامەی پیتاندن نابێت هەرگیز لە دەوڵەتی ئێراندا هەبێت. ئەمە هێڵی سوورە، کەواتە دەبێت بەرنامەکە هەڵبووەشێندرێتەوە، واتە هەرسێ بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، فوردۆ و ئەسفەهان هەڵبووەشێندرێنەوە".
 
ئەو هەڵوێستە تووندەی ترەمپ لە دوای تێپەڕبوون بە چەند فلتەرێكی هەڵۆ نزیکەکان لە لۆبی ئیسرائیلدا گەڵاڵە بووە.
 
شەوی پێنجشەممە ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ وەزیرێکی ئیسرائیلی کۆبووەتەوە و پێکەوە تاوتوێی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان کردووە و پێدەچێت لە تارانیان تووندکردبێتەوە؛ ئەوان گومانیان لە نیازپاکی ئێران هەیە ئەگەر بێت و تەنانەت بەرنامەیەکی سەرەتایی پیتاندنی یۆرانیۆمیشیان بۆ بەجێبهێڵدرێت.
 
بەهرۆز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لەبارەی هەبوونی چەکی ئەتۆمییەوە دەڵێت، "وڵاتانی دیکەش هەن کە چەکی ئەتۆمییان نییە، بەڵام پیتاندنی یۆرانیۆمیان هەیە. وڵاتانی وەکو بەلجیکا، هۆلەندا، کۆریای باشوور، ژاپۆن، ئەرجەنتین، ئەڵمانیا. بۆیە ئێران تاکە وڵات نییە کە یۆرانیۆم دەپیتێنێت و چەکی ئەتۆمی نییە. بەرپرسانی ئەمریکی ئەگەر دەیانەوێت شتێک بڵێن، دەبێت بە لێکۆلێنەوە و وردبوونەوەیەکی زۆرترە بیکەن".
 
سەرەڕای هەڵوێستە نوێ تووندەکەی ترەمپ، هێشتا نەریتخوازانی نێو کۆشکی سپی لە ئەگەری گەیشتنی ئیدارەی ترەمپ بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی " میانڕۆ" لەگەڵ ئێران نیگەرانن؛ ئەو نیگەرانییە لە لێدوانێكی ڤانس، جێگری ترەمپ، زەقتربووەوە کە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، خستبوویەڕوو.
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ ئێران باس لەوە دەکات، "روونە، پێموایە ئەوە شتە راستەکەیە کە دەبێت ئەنجام بدرێت و دەست بە گفتوگۆ بکەین. سەرۆک ترەمپ دەیەوێت رێککەوتنێك لەگەڵ ئێراندا بکات کە ئەو وڵاتە تێکەڵ بە ئابووری جیهان بکاتەوە".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە