رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بەردەوامیی گرژییەکانی نێوخۆی ئێران، فەرەنسا بڕیاری دا فەرمانبەرە ناسەرەکییەکانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران بکشێنێتەوە و کارەکانی باڵیۆزخانەکە سنووردار دەکات.
دوو سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایان کرد، فەرەنسا دەستی بە کشاندنەوەی فەرمانبەرە ناسەرەکییەکانی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو فەرمانبەرانە و خێزانەکانیان لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا ئێرانیان بەجێهێشتووە.
تاوەکو ئێستا ژمارەی وردی ئەو دیپلۆماتکار و فەرمانبەرانەی گەڕاونەتەوە پاریس، ئاشکرا نەکراوە.
ئەم بڕیارەی پاریس هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان و سەرکوتکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تاران، کە بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی 30 فەرمانبەری بیانی و چەندین فەرمانبەری خۆجێی تێیدا کاردەکەن، کارەکانی سنووردار کردووە و تەنیا فەرمانبەرە سەرەکییەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دیپلۆماسیی پێویست هێڵدراونەتەوە.
هاوکات لەگەڵ کشاندنەوەی دیپلۆماتکارەکانیان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) هەڵوێستی وڵاتەکەی راگەیاند.
ماکرۆن دەڵێت: "سەرکۆنەی ئەو تووندوتیژییەی دەوڵەت دەکەم کە بەبێ جیاوازی ژنان و پیاوانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کە بوێرانە داوای رێزگرتن لە مافەکانیان دەکەن."
سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "رێزگرتن لە ئازادییە بنەڕەتییەکان داواکارییەکی جیهانییە و ئێمە شانبەشانی هەموو ئەوانەین کە بەرگرییان لێدەکەن."
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە 17یەمین رۆژەوە. حکومەتی ئێران ماوەی پێنج رۆژە هێڵی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندیی لە سەرانسەری وڵات بڕیوە. بەرپرسانی حکومەت دەڵێن، تاوەکو دڵنیا نەبنەوە لەوەی مەترسی لەسەر ئاسایشیان نەماوە، سنووردارییەکان بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ