لە هەورامان دوو پاسدار کوژران

16-07-2020
فواد حەقیقی
نیشانەکردن سوپای پاسداران هەورامان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قەرارگای حەمزە کە لقی پارێزگای سنەی سوپای پاسدارانە، کوژرانی دوو لە ئەندامانی سوپای پاسداران و برینداربوونی ئەندامێکی دیکەی لە ناوچەی هەورامانی پارێزگای سنە، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا راگەیاند.

قەرارگای حەمزە رایگەیاندووە، یەکێک لەوانەی کوژراوە ئەندامی بەسیج بووە، ئەوەی دیکەیان فەرمانبەری ناحیە بووە، بریندارەکەش لە دانیشتووانی ناوچەی هەورامان بووە.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، کوژراوەکان لە ئەندامانی خۆجێی سوپای پاسداران بوون. یەک لەوان جەمال کەریمی، بەرپرسی بەسیجی هەورامانی تەخت بووە، ئەوەی دیکەشیان ناوی محەممەد کەرەمییە و برای قایمقامی شارۆچکەی سەوڵاوا بووە. ئەو ئەندامەی سوپای پاسدارانیش کە بریندار بووە گواستراوەتەوە نەخۆشخانەی مەریوان.

ئەو شەڕە شەوی چوارشەممە لە نزیک گوندی بڵبەر، سەر بە شارۆچکەی سەوڵاوا روویداوە. بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، سوپای پاسداران بە مەبەستی پشکنین چوونەتە ئەو ناوچەیە، کە لەگەڵ هێزێکی چەکدار شەڕ و پێکدادان دروست بووە.

هیچ حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسایەتی ئەو شەڕەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەکان گوتوویانە پێدەچێت گەریلای پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک بوون.

سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کردووە و رایگەیاندووە، بکەران و بڕیاردەرانی ئەو رووداوە بە تووندی سزا دەدەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە