رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران داوا لە بەرپرسانی حکومەت دەکات دەنگی دەنگدەران بپارێزن و جێگۆڕکێیان پێنەکرێت.
لە دوای بەشداریکردنی لە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئێران، حەسەن رووحانی رایگەیاند، داوا لە بەرپرسانی حکومەت دەکەم دەنگی دەنگدەران بپارێزن و هیچ دەنگێک جێگۆڕکێی پێنەکرێت.
راشیگەیاند، دەنگی خەڵک دەبێت پارێزراو بێت تاوەکو ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەو جۆرە بێت کە خوازیاری خەڵک بێت و ئەنجامەکان بەگوێرەی دەنگی دەنگدەران بێت.
رووحانی گوتیشی، "دەزانم کە خەڵک کێشە و گرفتی هەیە، بەڵام پێویستە ئەوانە پشتگوێ بخرێن و بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن."
مامۆستا قادر قادری، پێشنوێژ و وتارخوێنی پاوە دەڵێت: "بە بەڕێوەبەرانی بنکەکانی دەنگدان گوتراوە کە با فڵانە بەربژێر دەنگ نەهێنێتو ئەوەش جێی تێڕامانە."
مامۆستا مەلا قادر قادری، لە وتاری ئەمڕۆی نوێژی هەینیی پاوەدا گوتی: "زانیاریی جێی متمانەمان بە دەست گەیشتووە کە بەڕێوەبەرانی هەڵبژاردن ساختەکارییان لە هەڵبژاردندا کردووە."
ئاژانسی فارس نزیک لە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکو کاژێر 16:45 خولەک بە کاتی تاران زیاتر لە 14 ملیۆن کەس، واتە 23٪ ئەو کەسانەی مەرجەکانی دەنگدانیان هەیە، دەنگیانداوە.
لەکۆی 59 ملیۆن و 310 هەزار و 307 کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە، 29 ملیۆن و 980 هەزار و 38 کەس پیاون و 29 ملیۆن و 330 هەزار و 269 کەسیش ژنن. تەمەنی یاسایی بۆ بەشداریی لە دەنگدان 18 ساڵە و ژمارەی ئەو کەسانەش کە بۆ یەکەمجار دەتوانن لە هەڵبژاردن دەنگ بدەن یەک ملیۆن و 392 هەزار و 148 کەسن.
زیاتر لە 66 هەزار سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و زیاتر لە 76 هەزار سندووقی دەنگدانیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان دابین کراون. هەروەها بەگوتەی سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵبژاردنی 234 سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە 133 وڵاتی جیهان بۆ ئێرانیانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە دانراون.
بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا هەڵبژاردنەکان لە کاژێر 07:00 دەستیپێکردووە و بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ دەتوانرێت تاوەکو کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بەکاتی تاران درێژ بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ