عەلی خامنەیی بۆ دۆناڵد ترەمپ: هەڕەشە لەوانە بکە کە دەترسن

18-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی دەستپێشخەری ئەو جەنگە بووبێ کە لەگەڵ ئیسرائیل هەڵگیرساوە و گوتی: "ئەو رووداوە کاتێک روویدا کە بەرپرسانی ئێمە سەرقاڵی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ بوون لەگەڵ ئەمریکا و هیچ نیشانەیەک لە جووڵەی تووند و سەربازی و سەخت لەلایەن ئێرانەوە نەبوو".
 
ئێران و ئەمریکا 5 گەڕی دانوستاندنیان ئەنجام دابوو و بڕیاربوو یەکشەممەی رابردوو 15ـی ئەم مانگەش گەڕێکی دیکە بەڕێوەبچێ. 
 
عەلی خامنەیی لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنییدا گوتی: "هەڵبەت لە سەرەتاوە گومانی ئەوە دەکرا، ئەمریکا دەستی لەو جووڵە دووژمنکارییەی رژێمی زایۆنیدا هەبێت کە بە قسەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەو گومانە رۆژ دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت".
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها گوتی، "چاوەڕوانیم لە خاوەن بیروڕا و قەڵەمەکان بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ رای گشتیی جیهان هەیە، ئەوەیە رێگە نەدەن دووژمن بە بانگەشەی فریودەرانەی خۆی، راستییەکان بە پێچەوانە پێشان بدات".
 
عەلی خامنەیی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باس لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: "دەبێ دووژمنی زایۆنی سزا بدرێت و خەریکە سزاکەیشی وەردەگرێت. ئەو سزایەی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکان دایانە ئەو دووژمنە ناپاکە و لە داهاتووشدا دەیدەن و پلانیان هەیە بۆ داهاتوو، سزایەکی سەختە و لاوازی کردووە".
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: "هەر ئەوەی هاوڕێیانی ئەمریکییان خەریکە دێنە نێو گۆڕەپانەکە، لاوازی و بێ توانایی رژێمی زایۆنی پێشان دەدات". 
 
عەلی خامنەیی پەیامێکیش ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت: "سەرۆکی ئەمریکا لە هەندێک قسەی بووڵنەکراودا بە راشکاوی داوا لە گەلی ئێران دەکات خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام پێیان دەڵێین: یەکەم، هەڕەشە لەوانە بکەن کە لە هەڕەشە دەترسن. گەلی ئێران باوەڕیان بەو ئایەتەی قورئان هەیە "وَلَا تَهِنُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَنْتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِنْ کُنْتُمْ مُؤْمِنِینَ" و هەڕەشە هیچکات کاریگەر لەسەر هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی گەلی ئێران دانانێت. دووەم، گوتنی ئەو قسەیە بە گەلی ئێران کە وەرن و خۆ بەدەستەوە بدەن، قسەیەکی ژیرانە نییە و کەسانی تێگەیشتوو کە ئێران و گەل و مێژووی ئێران دەناسن، هیچکات بە زمانی هەڕەشە قسە لەگەڵ ئەو گەلە ناکەن، چونکە گەلی ئێران خۆی بەدەستەوە نادات و ناچێتە ژێر باری دەستدرێژی هیچ لایەنێک".
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها دەڵێ‌: "گەلی ئێران لێبڕاوانە لە بەرامبەر شەڕی سەپێندراودا دەوەستێتەوە، هەروەکو چۆن لە بەرامبەر ئاشتیی سەپێندراودا وەستایەوە. ئەو گەلە لە بەرامبەر سەپاندندا، خۆی بەرامبەر هیچ کەس بەدەستەوە نادات".
 
عەلی خامنەیی هەروەها دەڵێت: "ئەمریکییەکان و ئەوانەی شارەزای سیاسەتەکانی ئەم ناوچەیەن دەزانن، دەستوەردانی ئەمریکا لەم بابەتەدا 100٪ بە زیانی ئەمریکا دەبێت و زیانی پێدەگەیێنێت؛ زیانێک کە خەسارەکەی زۆر زیاتر دەبێت لەو خەسارەی بە ئێران دەگات. 
دەبێ ئەمریکییەکان بزانن، هەرچەشنە دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا بێگومان زیانی قەرەبوونەکراوی بۆ ئەوان بەدواوە دەبێت".
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا روو لە خەڵکی ئێران دەکات و دەڵێت: "بە هێزەوە بەردەوام بن لە ژیان، بەتایبەت ئەوانەی کاروباری خزمەتگوزارییان لە ئەستۆیە و سەروکاریان لەگەڵ خەڵکە؛ هەروەها ئەوانەی کاریان بانگەشە و تێگەیاندنی خەڵکە، بە هێزەوە درێژە بە راپەڕاندنی کاری خۆیان بدەن و پشت بە خودای گەورە ببەستن. بە دڵنیاییەوە خوای گەورە، گەلی ئێران و راستی و خاوەن ماف بوون سەردەخات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران.

جێگرەکەی: دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیان چارەسەر نییە

جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن، وەڵامی ئەو لایەنانە دەداتەوە کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەکەن و رایدەگەیێنێت، جێهێشتنی بەرپرسیارێتی چارەسەر نییە و دەپرسێت: "لە دۆخێکی ئاوادا ئێران چی بەسەر دێت؟".