گوتەبێژی حکومەتی ئێران: دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە

21-06-2025
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، دابینکردنی خۆراک و کاڵا سەرەکییەکان لە نێوخۆی وڵات ئاساییە. ئاماژە بەوەش دەکات، پاکێجێکی هاوکاریی دارایی بۆ پشتیوانی لە کەرتی پیشەسازی ئامادە کراوە.
 
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی حکومەت بە جیدی کارەکانیان بەڕێوەدەبەن و هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان نییە.
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران گوتیشی، "پرۆسەی دابینکردن، دابەشکردن و خستنەڕووی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بێ کێشە بەردەوامە و یەدەگی ستراتیژیی وڵات دەستی لێنەدراوە." ئاماژەی بەوەش دا، بۆ رێکخستنی بازاڕ، دەسەڵاتی تایبەت بە پارێزگارەکان دراوە.
 
مهاجرانی ژمارەیەک رێنوێنیشی بۆ هاووڵاتییان راگەیاند کە ئەمانەن:
 
خوێندنەوەی پێوەرەکان: کۆمپانیای نیشتمانیی گاز و وەزارەتی وزە رایگەیاندووە کە تاوەکو چەند رۆژی داهاتوو پێوەری ماڵان ناخوێندرێتەوە، بۆیە پێویست ناکات هاووڵاتییان دەرگا لە هیچ کەسێک بکەنەوە و لەکاتی هەر بارێکی گوماناویشدا پەیوەندی بە ژمارە 110، 113 و 114ـەوە بکەن.
 
پشتیوانیی دەروونی: بۆ ئەو کەسانەی تووشی دڵەڕاوکێ بوون، سیستمی راوێژکاری 4030 و 1480 بە بەشداریی دەروونناسان ئامادەی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارین.
 
خزمەتگوزاریی پۆستە: ئەو کەلوپەلانەی نەگەیشتوونەتە دەستی خاوەنەکانیان، تاوەکو کاتی ئامادەبوونیان پارێزراو دەبن.
 
گەشتە ئاسمانییەکان: بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان، گەشتەکان بۆ کاتێکی نادیار راگیراون.
 
ئینتەرنێت: پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئینتەرنێتی نیشتمانی بەردەستن و هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات دەتوانن لە رێگەی ئەپلیەکەیشنە نێوخۆییەکانەوە پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن.
 
فاتمە مهاجرانی رایگەیاند، "بەهۆی ئەو زیانانەی بەر پیشەسازییەکانی وڵات کەوتووە، وەزارەتی پیشەسازی پاکێجێکی تایبەتی بۆ پشتیوانی لە بەرهەمهێنان لە دۆخی قەیران ئامادە کردووە."
 
هاوکات سەرۆکی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران دڵنیایی دا کە "بەرهەمهێنانی شیری وشکی منداڵان شەو و رۆژ بەردەوامە، دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشە تایبەتەکان دابین کراوە و دەرمانخانەکانیش لە سەرتاسەری وڵات کراوەن."
 
رەزا تەڵایی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێرانیش ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگەکەدا پشتیوانییەکانیان بۆ هێزە چەکدارەکان بەردەوام دەبن و ئەوەی پێویستیان بێ بۆیان دابین دەکەن.
 
تەڵایی گوتی، "بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هێرشکردنە سەر خەڵک و شوێنە ناسەربازییەکان بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت. گەلی ئێران و جیهان تاوانەکانی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر شوێنی نیشتەجێبوون، ژن و منداڵان بە چاوی خۆیان دەبینن."
 
هەر ئەمڕۆ ناسنامەی 15 ئەندامی هێزە ئاسمانییەکانی ئێران راگەیێندرا کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە