ئێران: هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەستدرێژییەکی دڕندانەیە

22-06-2025
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی ئەمریکای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دەکات و دەڵێت، ئەو هێرشە "پێشێلکارییەکی زەق و بێوێنەی بنەما سەرەکییەکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە". حکومەتی ئەمریکاش بە "شەڕخواز و یاساشکێن" و هۆکار و بەرپرسیاری دەرەنجامە گەورە و مەترسیدارەکانی ئەو "تاوانە" دادەنێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 22-6-2025 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا دژی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی نیشتمانیی وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی تاوانکارانەی رژێمی زایۆنیی جینۆسایدکار کراوە، جارێکی دیکە لووتکەی خراپەکاری و قێزەونیی سیاسەتی ئەمریکا و قووڵایی دووژمنایەتی و کینەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی بەرامبەر گەلی ئاشتیخواز و سەربەخۆخوازی ئێرانی ئیسلامی دەرخست."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت دەکاتەوە، "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مافی خۆی دەزانێت بە هەموو توانایەکەوە رووبەڕووی دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ئەو تاوانانە ببێتەوە کە لەلایەن ئەم رژێمە یاخییەوە دەکرێن و بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بکات."
 
هێرشەکەی ئەمریکا لە بەرەبەیانی دەیەمین رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرا. وەزارەتەکە دەڵێت: "ئەمە هاوکاریکردن و بەشداریی تاوانکارانەی ئەمریکای لەگەڵ رژێمی زایۆنی لە داڕشتن و هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بۆ هەمووان ئاشکرا کرد."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، "نەک هەر پێشێلکارییەکی زەق و بێوێنەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەتایبەتی بنەمای قەدەخەکردنی بەکارهێنانی هێز و رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی نیشتمانیی وڵاتان (بڕگەی 4ـی مادەی دوو)، بەڵکو پێشێلکردنی بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایش و گورزێکی کوشندەشە لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی".
 
ئێران داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەکات، "هەنگاوی بەپەلە" لە بەرامبەر ئەم "یاساشکێنییە تاوانکارانەیە" بنێن و هۆشداری دەدات کە "بێدەنگی لە ئاست ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە، جیهان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی بێوێنە و فراوانەوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات، "وێڕای شەرمەزارکردنی تاوانی دەستدرێژیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتە بەهۆی پێشێلکردنی زەقی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بخاتە ژێر لێپێچینەوە."
 
ئەو وەزارەتە داوا لە ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ساز بکات، "بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی لە بەرامبەر دەستدرێژییە مەترسیدارەکەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران جێبەجێ بکات کە سەرجەمیان لەژێر چاودێریی وردی ئاژانس و رێککەوتنی پارێزگاریدا بوون."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "جیهان نابێت لەبیری بکات کە ئەمریکا بوو لە ناوەڕاستی پرۆسەیەکی دیپلۆماسیدا، ناپاکیی لە دیپلۆماسی کرد و پاڵپشتیی لە کردەوەی دەستدرێژیکارانەی رژێمی جینۆسایدکار و یاساشکێنی ئیسرائیلی کرد و ئێستاش بۆ تەواوکردنی یاساشکێنی و تاوانەکانی رژێمی زایۆنی، شەڕێکی مەترسیداری دژی ئێران دەستپێکردووە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە