سوپاسالاری ئێران: دەستی هێزە چەکدارەکانمان بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کراوەیە

23-06-2025
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپاسالاری گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایدەگەیێنێت، ئەمریکا بە هێرشەکەی، دەستی هێزەکانی ئێرانی بۆ "هەر جۆرە کردەوەیەک" دژی بەرژەوەندی و سوپاکەی واڵا کرد. هاوکات، بنکەی ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیاش هۆشداری دەداتە ئەمریکا، کە چاوەڕێی "ئۆپەراسیۆنی بەهێز و ئەنجامی قورس" بن.
 
لیوا عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەمریکا لە درێژەی پشتیوانییە هەمەلایەنەکانی بۆ ئیسرائیل، بە پێشێلکردنی سەروەریی ئێران، بە ئاشکرا و راستەوخۆ هاتە ناو جەنگەوە.
 
مووسەوی هەڕەشەی لەئەمریکا کرد و گوتی، "ئەمریکای تاوانکار دەبێت بزانێت کە وێڕای سزادانی رۆڵە ناشەرعی و دەستدرێژیکارەکەی [ئیسرائیل]، دەستی جەنگاوەرانی ئیسلامی لە هێزە چەکدارەکاندا بۆ هەر جۆرە کردەوەیەک دژی بەرژەوەندییەکان و سوپاکەی خۆی [ئەمریکا] کردووەتەوە و لەمبارەیەوە هەرگیز پاشەکشە ناکەین."
 
هاوکات، بنکەی ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا کە گەورەترین بنکەی ئۆپەراسیۆنیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە، لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریی داوە و دەڵێت، هێرشەکەی ئەمریکا کە بە ئامانجی زیندووکردنەوەی ئیسرائیل کراوە، نەک هەر بێسوود بوو، "بەڵکو بازنەی ئامانجە رەوا و جۆراوجۆرەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران فراوانتر دەکات."
 
بنکەی خاتەم ئەلئەنبیا لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، "دڵنیاتان دەکەینەوە کە بەم دەستدرێژییە، میلەکانی کاژێر لە بەرژەوەندیی ئێوە ناسووڕێن. جەنگاوەرانی ئیسلام، لە وەڵامی ئەم تاوانەدا، بە ئۆپەراسیۆنی بەهێز و ئامانجدار، ئەنجامی قورس، پەشیمانکەرەوە و پێشبینینەکراوتان بۆ تۆمار دەکەن."
 
ئەم هەڕەشە نوێیانە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە 11ـەمین رۆژەوە. دوای زنجیرەیەک هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکاش هاتە نێو جەنگەکەوە و بەرەبەیانی یەکشەممە 22-06-2025 بە فڕۆکەی B-2 و مووشەکی تۆماهۆک سێ بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆی لە ئێران بۆردوومان کرد.
 
ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاند، "ئیسرائیل لە کارەکانی خۆیدا هەستی بە سەرکەوتن نەکردووە و ناچار بووە راستەوخۆ ئەمریکا بکێشێتە نێو جەنگەکەوە." ئەویش بەڵێنی دابوو کە جەنگی ئەوان "ئێستا بۆ سەرکەوتنە."
 
لە کاتێکدا بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند دەکەن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری داوەتە تاران کە بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکاتەوە. بەڵام هەڕەشەکانی ئەمڕۆی سوپاسالار و بنکەی خاتەم، ئاستی گرژییەکانیان بۆ بەرزترین ئاست بردووە و ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئێستا ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانیشی بوونەتە ئامانجی راستەوخۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە