رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵای ئێران رایگەیاند، سەرجەم تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی زانکۆکان بۆ مانگی ئەیلوول دواخران.
سیمایی سەڕاف، وەزیری خوێندنی باڵای ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵمەتێکی بەرفراوان لەنێو زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا دەستیپێکردووە بۆ "بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک" و یەکخستنی هەڵوێستەکان.
وەزیری خوێندنی باڵای ئێران گوتی، "پێویستە دووژمن وا بیرنەکاتەوە ناکۆکییە ناوخۆییەکانمان نیشانەی لاوازیمانە. ئەو ناکۆکییانە بۆ گەشەی وڵاتن و نیشانەی ئازادیی رادەربڕینن، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەگاتە سەر ناسنامە و بەرژەوەندیی ئێران، هەموومان یەکدەنگین."
هەروەها سەڕاف رایگەیاند، هەڵمەتێک بەناوی "100 مامۆستا و یەک روانگە" دەستیپێکردووە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوونەکان، کاتێک مەترسی لەسەر وڵات دروست دەبێت، هەموو لایەک یەکگرتوو دەبن.
وەزیری خوێندنی باڵای ئێران راشیگەیاند، سەرجەم تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی زانکۆکان بۆ مانگی (ئەیلوول) دواخراون.
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە 11ـەمین رۆژەوە، ئەمریکاش بە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، هاتە نێو جەنگەکە، فەرماندە باڵاکانی ئێران، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دەکەن.
لێدوانەکانی وەزیری خوێندنی باڵا و دواخستنی تاقیکردنەوەکان، وەک هەوڵێک لێکدەدرێتەوە بۆ ئامادەکردنی کۆمەڵگە و ناوەندە ئەکادیمییەکان بۆ دۆخێکی نائاسایی درێژخایەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ