بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران رەخنە لە ئابووریی وڵاتەکەیان دەگرن

24-01-2023
فواد حەقیقی
شەقامێکی تاران
شەقامێکی تاران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ئێران کاڵا و کەلوپەل رۆژ دوای رۆژ گرانتر دەبێت، تمەن بەردەوام بەهای لەدەست دەدات، هەڵاوسان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، گەمارۆ و گوشارە نێودەوڵەتییەکانیش ئەم دۆخەی ئاڵۆزتر کردووە. بارودۆخێک کە حکومەت تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە چارەسەری بکات. لە کۆبوونەوەیەکی مامۆستاکانی زانکۆی تارانیش، رەخنەی زۆر لە کرداری ئابووریی حکومەت گیرا.
 
سەعید لەیلاز، شارەزای ئابووری دەڵێت، "حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی وەک ئاگرکوژێنەوە هەڵسوکەوت دەکات. هەڵسوکەوتی لە هەڵسوکەوتی حکومەت ناچێت. کاتێک لە شوێنێکەوە کێشەیەک روودەدات، لێشاوی بۆ دەبەن بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن، دواتر رادەوەستن بزانن لە کوێوە قەیرانێکی نوێ دەخوڵقێت. ئێمە بەوە خوشحاڵ بووین کە پێمان وابوو دەسەڵات یەکدەست بووەتەوە و چاکسازییەک لە بواری ئابوورییدا دەکات، کەوا لە حکومەتی باڵ باڵێندا ناکرێت."
 
گوشارە نێودەوڵەتییەکان کاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی ئێران داناوە، بەڵام حکومەتی ئێبراهیم رەئیسی رایگەیاندووە، بۆ بووژانەوەی ئابووری پشت بە رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا نابەستێت.
 
لەلایەکی دیکەوە حکومەت بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و کەلوپەل و تەنانەت هاوردەش پارەی نەخت دەدات، بەڵام ئەمە خۆی بووەتە سەرچاوەی گەندەڵی و قاچاخ. 
 
شاپور محەممەدی، شارەزای ئابووری باس لەوە دەکات، "ناتوانین هاوکاریی نەخت بە شەش وڵاتی دراوسێمان بدەین و ئابووریی خۆشمان بەهێز بێت و پێمان وابێت هیچ کێشەیەک لە گۆڕێدا نییە. ئێستا هەر کەس شتێک بکڕێت و رایبگرێت، زیاتر لە بەرهەمێنەر قازانج دەکات."
 
تەهماسب مەزاهری، شارەزایەکی دیکەی ئابوورییە و ئاماژە بەوە دەکات، "حکومەت لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هەڵاوسانی 40٪ـی بۆ دامودەزگا حکومییەکان قەرەبوو کردووەتەوە، 50، 60 و 70٪ بودجەیان زیادکراوە، بەڵام بۆ خەڵک 20٪ زیاد کراوە، واتە حکومەت لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نەیگوتووە کێشەیەکمان هەیە، ئەویش هەڵاوسانی 40٪ییە، با لەگەڵ خەڵک پێکەوە چارەسەری بکەین."
 
حکومەت پێی وانییە دۆخی ئابووری بەمجۆرە تاریک بێت، بەڵکو پێیوایە بە پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دەتوانێت ئابووریی وڵاتەکە بگەشێنێتەوە. 
 
ئیحسان خاندووزی، وەزیری ئابووریی ئێران گوتی، "ئەو بەڕێزانەی گوتیان حکومەت وەک ئاگرکوژێنەوە دەجووڵێتەوە، ئاخۆ ئەوەی کە هەناردەی وڵات لە ساڵێکدا 20-30٪ زیادیکردووە، ئەمە کاری ئاگرکوژێنەوەیە؟، ئەوەی کە دوای سێ ساڵ، زیاترین رێژەی کاڵای نانەوتیمان لە دوو مانگی رابردوودا هەناردە کردووە، ئەمە کاری ئاگرکوژێنەوەیە؟"
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانیش دەڵێت، "بارودۆخ نیشانی دەدات، سەرمایەگوزاری زیاتر بووە، هەڵاوسان کەم بووەتەوە، لە بواری بەرهەمهێناندا هەوڵی باش دەدرێت."
 
کێشەکانی ئابووریی ئێران بنەڕەتین، گۆڕانی حکومەتەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەکردووە و تەنانەت بەردەوام خراپتر بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.

عێراقچی: ئەمریکا لە ئامانجەکانی جەنگدا سەرلێشێواوە و دەیەوێ گفتوگۆکان بەردەوام بن

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی تووند لە لێدوان و گوتارەکانی ئەمریکا دەگرێ و بە "دژبەیەک و نائەقڵانی" ناویان دەبات؛ ئاشکراشی دەکات کە واشنتن سەرەڕای رەتکردنەوەی پێشنیازەکانی تاران، هێشتا دەیەوێ لە گفتوگۆ بەردەوام بێت.