وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لە مامەڵەی تووندی حکومەتی ئێران بەرامبەر کورد دەکات

24-03-2023
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی تووند لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەگرێت بەرامبەر ئەو سیاسەت و هەنگاوانەی لە نێوخۆی وڵاتەکەیان و دەرەوە پەیڕەوی دەکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2022 باسی لە مامەڵەی حکومەتی ئێران لە ساڵی 2022دا دەکات و بەشێکی بەرچاوی تایبەتە بەو مامەڵەیەی بەرامبەر کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە و لە بەشێکیدا دەڵێت، بەو جۆرە دەخەمڵێندرێت کە نزیکەی 8 ملیۆن کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەن کە داوای مافی زیاتر دەکەن، بەڵام حکومەت "بەردەوام بووە لە دەستگیرکردنیان. حکومەت رۆژنامە، بڵاوکراوە و کتێبی کوردی قەدەخەکردووە و سزای سەپاندووە بەسەر وەشانخانەکان، رۆژنامەڤانان و نووسەرەکانیان بەهۆی رەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکومەت." 
 
کوژرانی زیاتر لە 500 خۆپێشاندەر 
 
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیان پێکرد، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 500 خۆپێشاندەریان کوشت و زیاتر لە 19 هەزار خۆپێشاندەریشیان دەستگیرکرد کە منداڵ لەنێویاندا هەیە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە حکومەت هێڵەکانی ئینتەرنێت و ئەپلیکەیشنەکانی پەیوەندیکردنی راگرت بۆ رێگریکردن لە ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی نەهێڵێت خەڵک لە خۆپێشاندانەکاندا بەشداری بکەن.
 
"ئەشکەنجەدان و سزای زۆر تووندی دیکەی خۆپێشاندەران لەلایەن حکومەت، رەشبگیری و دۆخی خراپی نێو زیندانەکان" لە خاڵەکانی دیکەن لە راپۆرتەکەدا هاتوون. 
 
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە باس لە رێگریکردن لە ئازادیی رادەربڕین دەکات و دەڵێت، تووندوتیژی، هەڕەشەکردن و دەستگیرکردنی بێ پاساو بەرامبەر رۆژنامەڤانان ئەنجامدراوە؛ هەروەها رێگری لەبەردەم بەشێک لە پەیڕەوانی ئایینەکانیش لەو وڵاتەدا هەیە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێران بە پێشێلکاری جیدی لە ململانێکاندا تۆمەتبار دەکات، لەوانە رێگەدان بە "گرووپی تیرۆریستی" بۆ ئەنجامدانی تاوان لە سەرانسەری ناوچەکە و ئاماژە بە حکومەتی سووریا، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و حوسییەکان لە یەمەن دەکات و دەڵێت، ئەو لایەنانە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی پێشێلکاری.
 
بێبەشکردن لە ژیان و پاڵنەری دیکەی کوشتن بەهۆکاری نایاسایی و سیاسی
 
راپۆرتەکە دەڵێت، دەسەڵات خەڵکی کوشتووە، لەوانەش لە رێگەی لەسێدارەدانەوە لەسەر ئەو تاوانانەی کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی "تاوانە زۆر جیدییەکان" یەکناگرنەوە؛ یان ئەو تاوانانەی لەلایەن مێرمنداڵانەوە کراون؛ یان لەسێدارەدان لەدوای دادگاییکردن بەبێ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان. دووان لە نموونەکانیش لە راپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە بریتییە لە کەیسی موحسین شکاری و مەجید رەزا رەهنەوەرد. 
 
موحسین شکاری لە 8ی دێسمبەردا لەسێدارە درا، ئەوەش کەمتر لە سێ هەفتە دوای ئەوەی تاوانبار کرا بە "دژایەتیکردنی خودا" و "گرتنی رێگە لە تاران" و شاردنەوەی چەقۆیەک لە لەشیدا لەکاتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکاندا. راپۆرتەکە دەڵێت موحسین شکاری لە دادگاییکردنێکی " نادادپەروەرانە"دا سزاکەی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها لە 12ی دێسمبەردا مەجید رەزا رەهنەوەرد لە شوێنێکی گشتی شاری مەشهەد لەسێدارەدرا لەسەر تاوانی هاوشێوە کە پەیوەندی بە خۆپێشاندانەوە هەبوو. راپۆرتی مانگی دێسمبەری رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵیش دەڵێت، لانیکەم 18 کەسی دیکە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە. 
 
"لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاری هێزە ئەمنییەکان نەکراوە"
 
راپۆرتەکە دەڵێت، میدیا و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بە درێژایی ساڵەکە گیانلەدەستدانی گوماناویان تۆمارکردووە، ئەوەش لەکاتی دەستگیرکردن و تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپێشادەران؛ دەشڵێت رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چاودێریی ئەو لایەنانەی دەسەڵاتیان کردووە کە بۆ سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتییانە، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و سزای زیندانیکردن و رەشبگیری راسپێردرابوون. 
 
ئاماژە بەوەشکراوە کە حکومەت لێکۆڵینەوەی لەبارەی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکە راگەیاندووە کە لەدوای "کوشتنی" ژینا ئەمنییەوە سەریهەڵدا، بەڵام لیژنەی لێکۆڵینەوەکە زیاتر سەرنجی لەسەر کار و چالاکی خۆپێشاندەرانە کە حکومەت بە "ئاژاوەگێڕ" ناویدەبردن و هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە کە بیەوێت لێکۆڵینەوە لە کاری هێزە ئەمنییەکان و ئەندامانی سیستمی دادوەریی بکات.
 
راپۆرتەکە باسی ژینا ئەمنی دەکات و دەڵێت: "لە ئەیلوولدا، مەهسا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ کە ناوە کوردییەکی ژینایە، دوای راگرتنی لە زیندانی پۆلیسی رەوشتی ئێران بەهۆی لێدانەوە گیانی لەدەستدا." راپۆرتەکە روونی دەکاتەوە کە ژینا ئەمینی لە 13ی سێپتەمبەردا بە تۆمەتی ئەوەی جلوبەرگەکەی "نەشیاو" بووە دەستگیرکراوە، لەکاتێکدا بە سەردان چووبووە تاران. وەک راپۆرتەکە دەڵێت، سەرەتا بە خێزانەکەی گوتراوە لە ماوەی کاژێرێکدا ئازاد دەکرێت، بەڵام لە رۆژی 14ی سێپتەمبەردا گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە و بەو جۆرە راگەیێندراوە کە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و رۆژی 16ی سێپتەمبەر گیانلەدەستدانی راگەیێندرا. دواتر وێنەیەک بڵاوبووەوە کە ژینا ئەمینی لەسەر تەختی نەخۆشخانە نیشاندەدات و برینی سەخت بە دەموچاوییەوە دیارە. باوکی دەڵێت، لە سەرەتادا نەخۆشخانە رێگەیان نەداوە بیبینن و کاتێک گیانی لەدەستدا سەر و جەستەی بە تەواوی داپۆشرابوو بۆ شاردنەوەی برینەکانی؛ هەروەها گوشار لە خێزانەکە کراوە بۆ ئەوەی لە شەودا ژینا ئەمینی لە گۆڕستان بنێژن بۆ ئەوەی سەرنجی کەمتر بچێتە سەر گیانلەدەستدانەکەی.
 
راپۆرتەکە باسی ئەوەش دەکات کە خۆپێشاندەران رووبەڕووی لێدان، ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە لەو کاتەی لە زینداندا بوون. 
ئاماژە بەوەش دەکات کە کەسانی سیاسی و رۆژنامەڤانان زیاتر رووبەڕووی تۆمەتەکانی "هەڵگیرساندنی جەنگ دژی خودا" و "دژایەتیکردنی بنەماکانی ئیسلام" کراونەتەوە؛ دەشڵێت، زۆرترین سزای مەرگ لە دادگاکانی شۆڕش دەرچوون بێ ئەوەی مافە یاساییەکان بە تۆمەتبارەکان بدرێت و پارێزەریان نەبووە، لە زۆر کەیسیشدا تاکە بەڵگە دانپێدانانی تۆمەتبارەکە بووە کە زۆرجار بەزۆر و لەژێر ئەشکەنجەدا لێی دەرهێندراوە.
 
راپۆرتەکە ئەوە دەخاتەڕوو کە لە 10 مانگی سەرەتای ساڵی 2022دا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران 89٪ زیادیکرد بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشتر. لەو 565 کەسەی لەسێدارەدراون و ناسراونەتەوە، پێنجیان منداڵ بوون و 11یان ژن. ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بە نهێنی لەسێدارەدرێن یان مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە زۆرە. 
 
هەروەها پێکهاتەکان لەنێو ئەو کەسانەی لەسێدارەدراون زۆر بوون، بەتایبەتی بەلووچ. پێکهاتەکان 31٪ی هەموو لەسێدارەدراوەکانیان لەو ساڵەدا پێکهێناوە و 150 کەس لەوانیش بەلووچ بوون کە دەکاتە 27.5٪ی کۆی لەسێدارەدراوەکان، لەکاتێکدا بەلووچەکان تەنیا 5٪ی کۆی دانیشتووانی ئێران پێکدێنن.
 
بێسەروشوێنکردن و دۆخی زیندانەکان 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، راپۆرت هەبووە لەبارەی بێسەروشوێنکردنی خەڵک کە پاڵنەرەکەی سیاسی بووە و لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە ئەنجامدراوە. هێزەکان بە جلوبەرگی سڤیلەوە پارێزەر، رۆژنامەڤان و چالاکڤانیان بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەستگیرکردووە؛ بەرپرسانی حکومەتیش رەتیانکردووەتەوە کە دان بەو دەستگیرکردنانە بنێن و زانیاری لەبارەیانەوە ئاشکرا بکەن. لە زۆربەی رووداوەکاندا حکومەت هەوڵی نەداوە بۆ رێگریکردن، لێکۆڵینەوە و سزادان لەسەر ئەو جۆرە کارانە. 
 
هەرچەندە دەستووری ئێران هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە قەدەخە دەکات بۆ دەرهێنانی دانپێدانان و زانیاری، بەڵام بەکارهێنانی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بۆ دەرهێنانی دانپێدانان بە بەربڵاوی ماوەتەوە، بەتایبەتی لە کاتی راگرتنی پێش دادگاییکردن لە کەیسە پەیوەندیدارەکان بە دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکان؛ راپۆرت هەبووە لەسەر ئەوەی هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی نێو زیندانەکان بە درێژایی ساڵەکە گیراوانیان ئەشکەنجە داوە.
 
ئەو جۆرە ئەشکەنجانەی باون و باسدەکرێن بریتین لە هەڕەشەی لەسێدارەدان، دەستدرێژی سێکسی، هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ئەندامانی خێزان، رێگریکردن لە خەوتن و دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی، هەوڵی خنکاندن لەنێو ئاودا، هەڵواسین، بەزۆر قوتدانی ماددەی کیمیایی، لێدانی کارەبا لەوانە لێدانی کارەبا لە ئەندامانی زاوزێ، سووتاندن، لێدانی تووند و بەردەوام.
 
راپۆرتەکە چەند نموونەیەکی هێناوەتەوە، لەوانە نموونەی ژنێکی 22 ساڵ کە لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکراوە و لە زیندانی ورمێ بووە، بە هاوژوورەکانی گوتووە لە زیندان کە لەکاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا لەگەڵی، ئەندامانی سوپای پاسداران دەستدرێژی سێکسییان کردووەتەسەر. دوای ئازادکردنی، ئەو ژنە خۆی کوشتووە. 
 
هەروەها نموونەیەکی دیکە باس دەکات کە چالاکڤانێکی سیاسی کە پێشتر لە زیندانی ورمێ بووە، گوتوویەتی لانیکەم لە هەشت ئافرەتی دەستگیراوی زیندانەکەوە بیستووە کە ئەندامانی سوپاسی پاسداران لە کاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییەکاندا دەستدرێژی سێکسییان کردووەتەسەر.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، دۆخی نێو زیندانەکان هەڕەشەیە بۆسەر ژیانی مرۆڤ و باس لەوە دەکات کە خۆراک کەمە، قەرەباڵخی زۆرە و پێشێلکاری جەستەیی تێیاندا زۆرە و رێگری دەکرێت لە گەیشتنی چاودێری تەندروستی بە زیندانییەکان. لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکردن زیادیکردووە و بەهۆیەوە دۆخی نێو زیندانەکان خراپتر و قەرەباڵختر بووە. ئەمە لەپاڵ نەبوونی دەستشۆر و تەوالێتی پاک.
 
دەستگیرکردن و راگرتن بێ بنەمای یاسایی
 
راپۆرتەکە دەڵێت، هەرچەندە دەستووری ئێران رێگە بە رەشبگیری و دەستگیرکردن لە دەرەوەی یاسا نادات، بەڵام ئەوە بە فراوانی روودەدات. 
هەرچەندە دەستووری ئێران و یاسا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەستگیرکردن دەبێت لەسەر بنەمای داوای دادگە یان فەرمانی دەستگیرکردن بێت، هەروەها کەسی دەستگیرکراو دەبێت لە ماوەی 24 کاژێردا ئاگاداربکرێتەوە لەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، بەڵام دەسەڵاتداران زۆرجار خەڵکیان بۆ ماوەی زۆر دەستگیرکردووە و هەندێکجار هیچ پەیوەندییەکیان بە جیهانی دەرەوە نەبووە، بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان ئاراستە بکەن یان دادگاییان بکەن. رێگەش نەدراوە پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن یان لە کاتی گونجاودا پارێزەریان هەبێت.
 
لە کاتی خۆپێشاندانەکان، دەسەڵاتداران لانیکەم 19 هەزار کەسیان دەستگیرکردووە کە زۆرینەیان رووبەڕووی تاوانی تەمومژاوی کراونەتەوە وەکو "گردبوونەوە و کارکردن دژی ئاسایشی نیشتمانی" و "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" و "تێکدانی ئاسایشی گشتی." 
 
راپۆرتەکە دەڵێت، هەرچەندە دەستووری ئێران دەڵێت دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆیە، بەڵام سیستمی دادوەریی رووبەڕووی هەژموونی سیاسی دەبێتەوە و دادوەرەکان بەگوێرەی پێوەری ئایینی دادەندرێن.
 
لە ئێران رابەری باڵای شۆڕش، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی دەستنیشان دەکات. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی، ئەندامانی دادگەی باڵا و داواکارە گشتییەکان کەسانی ئایینین.
 
بەشێکی راپۆرتەکە باس لە زیندانیانی سیاسی دەکات و دەڵێت، هەرچەندە هیچ ژمارەیەکی فەرمی نییە لەبارەی ئەو کەسانەی لەسەر بیر و باوەڕی سیاسییان دەستگیرکراون، بەڵام رێکخراوەکان باس لە 1134 گیراوی سیاسی لە ئێران دەکەن.
 
چوار دیارترین هۆکار بۆ دەستگیرکردنیان بریتین لە "پاڵپشتیکردنی گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی نهێنی" و "هەڵگەڕانەوە" و "پیادەکردنی بیر و باوەڕی ئایینی" و "چالاکی سیاسی"؛ زۆر جار حکومەت گیراوە سیاسییەکان بە تۆمەتی تەمومژاری تاوانبار دەکات کە سزاکانیان دەگاتە لەسێدارەدان، وەک "چالاکی دژە شۆڕش" و "بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی لەسەر زەوی" و "دژایەتیکردنی خودا" و "تاوان لەدژی ئیسلام".
 
کوشتن لە دەرەوەی سنوور، رفاندن و بەزۆر گەڕاندنەوە
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران تۆمەتبارە بە کوشتن و رافاندنی خەڵک لە وڵاتانی دیکە، یان بەکارهێنانی تووندوتیژی و هەڕەشە، لەوانە ناچارکردنیان بە گەڕانەوە بۆ ئێران، ئەوەش بە ئامانجی تۆڵەکردنەوەی سیاسی.
 
راپۆرتەکە باس لە چەند نموونەیەک دەکات، وەکو هەوڵی رفاندنی رۆژنامەڤان و چالاکڤانی بواری ژنان، مەسیح عەلینەژاد، لە شاری نیویۆرک کە پلان هەبوو بگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران، بکەرەکان پێش ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکران. هەروەها هێرشکردنە سەر نووسەر سەلمان رووشدی لە نیویۆرک بە چەقۆ و بە سەختی بریندارکردنی. هەروەها راپۆرتەکە باس لە تۆڕێکی ئێران دەکات کە خەڵک لە کەنەدا، ئەمریکا و بەریتانیا دەکەنە ئامانج.
 
هەروەها باس لە دستگیرکردنی جەمشید شەرمەهد دەکات لە فڕۆکەخانی دوبەی کاتێک لەوێوە دەچوو بۆ هیندستان لەلایەن هەواڵگری ئێرانەوە. جەمشید شەرمەهد کە ئەندامی کۆمەڵەی شانشینی ئێرانە و لە دوبەیەوە برایەوە بۆ ئێران.
 
دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ
 
راپۆرتەکە دەڵێت، دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵدا لەلایەن حکومەتەوە دژی پێکهاتەکان بەکاردەهێندرێت، بەتایبەتی پێکهاتە ئایینییەکانی وەک بەهاییەکان. ئاماژە بەوەش دەکات کە لەم ماوەیەدا دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی بەهاییەکان زیادیکردووە.
 
راپۆرتەکە دەڵێت حکومەتی ئێران پێشێلی مافی تایبەتی کردووە و هێزە ئەمنییەکان چاودێری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکیان کردووە، چوونەتە نێو ماڵ، نووسینگە و شوێنە ئایینییەکان، چاودێری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیان و پەیوەندییەکانی ئینتەرنێتیان کردووە؛ هەروەها بەبێ بڕیاری دادگە نامەی خەڵکیان کردووەتەوە. وەکو تۆڵەسەندنەوەش، حکومەت کەسوکار و خێزانی کەسانی رەخنەگریان دەستگیرکردووە.  
 
ئێران و وڵاتانی ناوچەکە 
 
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە حکومەتی ئێران پاڵپشتی دارایی، چەک و سەربازی بۆ گرووپی چەکدار لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابینکردووە؛ وەک هێزی قودس کە پاڵپشتی حکومەتی سووریا دەکات، هەروەها پاڵپشتی بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق دابین دەکات، هەروەها پاڵپشتی دارایی و سەربازیی گەورە پێشکێش بە حوسییەکان لە یەمەن دەکات؛ دەشڵێت لە 2022 پاڵپشتی هێزی قودسی سوپای پاسداران بۆ رووسیا زیانی سڤیلی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، ئێران سەربازی شیعەی لە عێراق، ئەفغانستان و پاکستانەوە بردووەتە سووریا بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە حکومەتی سووریا بکەن. 
لە عێراق، ئێران پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئێران دەکات، لەوانە "گرووپی تیرۆریستی" وەکو کەتائیبی حیزبوڵڵا.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدەکات کە لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا لە ئەیلوول و نۆڤەمبەر، ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنیی کردووەتەوە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، کە بارەگای پارتی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی کردووەتە ئامانج کە حکومەت بە پاڵپشتیکردن لە خۆپێشاندانەکان تۆمەتباریان دەکات. ئەو هێرشانە لانیکەم 28 کەسیان کوشتووە و دەیانی پەنابەری دیکەیان بریندارکردووە.
 
هەروەها پاڵپشتی سەربازیی ئێران بۆ رووسیا، پێشێلی بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە کە درۆنی پێشکێش بە رووسیا کردووە و بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی گیانی و زیان بە ژێرخانی ئۆکراینا.
 
ئازادی رادەربڕین و میدیا        
 
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات حکومەتی ئێران بە تووندی ئازادی رادەربڕین و میدیای سنووردارکردووە و بەشوێن ئەو کەسانەدا چووە کە راستەوخۆ رەخنەیان لە حکومەت گرتووە یان نیگەرانییان لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ دەربڕیوە، یاخود پرسیاریان لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکان وروژاندووە. لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا حکومەت بەردەوام ئینتەرنێتی بڕیوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی خۆپێشاندانیان تێدا بووە و هەندێکجار بۆ چەندین کاژێر ئینتەرنێت نەبووە.
 
هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی سزای ئەو کەسانەیان داوە کە رەخنەیان لە سەرۆک، کابینەی حکومەت و پەرلەمان گرتووە و چاودێری کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانیانیان کردوون و زۆرجار بە تاوانی دژی ئاسایشی نیشتمانی سزادراون. وەکو بەڵگەش، نامە، ئیمەیڵ، پۆستی سۆشیاڵ میدیا و پەیوەندی دیکەی گشتی و نهێنی بەکارهێندراوە بۆ ساخکردنەوەی ئەو تۆمەتانە.
 
لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا، 86 رۆژنامەڤان دەستگیرکراون؛ دەستگیرکردنەکان لە رێگەی هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان و ترساندنی خێزان و دراوسێکانیان بووە، لەوانە دەستگیرکردنی هەردوو رۆژنامەڤان نیلوفار حەمیدی و ئیلاهە محەممەدی کە یەکەم دوو رۆژنامەڤان بوون هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییان بڵاوکردەوە و دواتر تۆمەتبارکران بەوەی سیخوڕی بیانیین و بەشدارن لە جەنگێکی فرە رەهەند کە دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا و ئیسرائیل رێکیانخستووە. 
           
ئازادیی پەیوەندیکردن 
 
راپۆرتەکە دەڵێت، حکومەت گەیشتنی بە ئینتەرنێت سنووردار کردووە و کۆسپی بۆ دروستدەکات، هەروەها هەموو بەرهەمێکی ئۆنلاینی سانسۆر کردووە و چاودێری پەیوەندییە تایبەتەکانی ئۆنلاین دەکات. وەزارەتی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامی لە ئێران رێکخەری سیستمی ئینتەرنێتە و مۆنۆپۆڵی هەموو ترافیکێکی ئینتەرنێت دەکات کە دێتە نێو ئێرانەوە یان لە ئێرانەوە دەردەچێت.
 
حکومەتی ئێران ئازادی ئەکادیمی و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای سنووردارکردووە، دەسەڵاتداران زانکۆکانیان کردووەتە ئامانج بۆ سەرکوتکردنی چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەوەش لە رێگەی قەدەخەکردنی رێکخراوە سەربەخۆکانی خوێندکاران، زیندانیکردن ئەو خوێندکارانەی چالاکی دەکەن، رێگریکردن لە خوێندکاران لەوەی خوێندن تەواو بکەن بە هۆکاری سیاسی و ئایینی و بیر و باوەڕەوە. 
 
راپۆرتەکە دەڵێت، دەسەڵاتداران بەردەوامن لە رێگریکردن لە خوێندکارانی بەهایی لەوەی خوێندن تەواو بکەن، ئەوەش لە رێگەی رەتکردنەوەی داواکاری و مامەڵەکانیان بە پاساوی ئەوەی تەواو نییە. لە مانگی ئابدا راگەیێندرا کە 62 خوێندکاری بەهایی بەهۆی بیروباوەڕیانەوە لە زانکۆ رەتکراونەتەوە. 
 
تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی نییە لەبارەی ئەوەی چەند کەسی بێ ناسنامە لە ئێراندا هەن، زیاتر ئەوانەی کە بێ ناسنامەن لە ئێران بریتین لە کوردی فەیلی، خاوەری و بەلووچ کە لە نزیک سنووری ئەفغانستان دەژین. نەبوونی ناسنامەش کێشەی زۆر بۆ کەسەکان دروستدەکات لە گەیشتن بە چاودێری تەندروستی و خوێندن. 
 
جیاکاری ئیتنی
 
هەرچەندە دەستووری ئێران مافی یەکسان بۆ پێکهاتە ئیتنییەکان دابیندەکات، وەکو پەروەردە بە زمانی دایک، بەکارهێنانی زمانی نەتەوەکان لە میدیا، بەڵام حکومەت جیاکاری بەرامبەریان دەکات.
 
رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە سزای لەسێدارەدان زیاتر پێکهاتە ئیتنییەکان دەکاتە ئامانج؛ ئەو کەسانەی کە لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانن لە زیندانەکاندا رووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی تووندتر دەبنەوە وەک لە زیندانیکراوانی دیکە. هەروەها پێکهاتە ئیتنییەکان رووبەڕووی جیاکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبنەوە، بە دیاریکراوی لە دەستگەیشتنیان بە هاوکاری ئابووری، مۆڵەتی بازرگانی، وەرگرتن لە زانکۆ، دەرفەتی کار، مۆڵەت بۆ بڵاوکردنەوەی کتێب، مافەکانی خانوو و زەوی.
 
کوردەکان بە تایبەتی، بەشێوەیەکی دیار زیاتر رووبەڕووی گرتن لە دەرەوەی یاسا و رەشبگیری دەبنەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەو کەسانەی لەسەر تاوانی ماددەی هۆشبەر زیاتر لەسێدارە دەدرێن لە بەلووچن.
 
هەروەها حکومەت سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک ئاو لە ناوچەی پێکهاتەکانەوە وەک ئەهواز و لوڕستانەوە دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکە کە زۆر جار لە بەرژەوەندی بەڵێندەرەکانی سوپای پاسدارانە.
 
جێبەجێکردنی مەزهەبی شیعە لە یاسادا وایکردووە سوننەکان کە زیاتر کورد، بەلووچ و ئەهوازین کەمتر بتوانن تێکەڵی ژیانی سڤیل و کارکردن بن لە هەندێک کەرتدا.
 
ئەو هەشت ملیۆن کوردەی لە ئێران دەخەمڵێندرێت هەن، زۆر جار هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی زیاتریان لە ناوچەکانیان هەبێت، بەڵام حکومەت بەردەوام بووە لە دەستگیرکردنیان. حکومەت رۆژنامە، بڵاوکراوە و کتێبی کوردی قەدەخەکردووە و سزای سەپاندووە بەسەر وەشانخانەکان، رۆژنامەڤانان و نووسەرەکانیان بەهۆی رەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکومەت. هەروەها دەسەڵاتداران چالاکییەکانی رێکخراوە کوردییەکانیان قەتیس کردووە لە رێگەی رەتکردنەوەی پێدانی مۆڵەت یان دۆزینەوەی سزای ئەمنی بەرامبەر بەو کەسانەی لەو جۆرە رێکخراوانە کار دەکەن.
 
بە هەمان شێوە بەلووچەکان کە ژمارەیان نزیکەی 1.5 ملیۆن کەسە، ناوچەکانیان پەرەیان پێنەدراوە و دەستگەیشتنیان بە پەروەردە، کار و چاودێری تەندروستی سنووردارە. لە 2021دا چالاکڤانانی بەلووچی رایانگەیاندووە، زیاتر لە 70٪ی بەلووچەکان لەژێر هێڵی هەژارییدان.
 
ئازەرە تورکەکانیش کە ژمارەی 18 ملیۆن کەسە و نزیکەی 24٪ی کۆی دانیشتووانی ئێران پێکدێنن، زیاتر تێکەڵی حکومەت و کۆمەڵگە بوون بەراورد بە پێکهاتەکانی دیکە؛ رابەری ئێران تورکی ئازەرییە. بەڵام ئازەرییەکان دەڵێن حکومەت جیاکارییان بەرامبەر دەکات و چالاکڤانانی ئازەری هەراسان دەکات.  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە