رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێ، خوێندکارێکی زانکۆی شاهروودی سمنانی بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەسێدارە داوە.
رۆژی شەممە 20-12-2025، ئاژانسی هەواڵیی میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی عەقیل کیشاوەرز، خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی زانکۆی شاهروود کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیر کرابوو، جێبەجێکرا.
بەگوێرەی میزان، عەقیل کشاوەرز دژی ئێران هاوکاریی سوپای ئیسرائیل و مۆسادی کردووە و مانگی ئایاری ئەم ساڵ، لەلایەن هێزەکانی پاراستنی سوپا لەکاتی تۆمارکردنی ڤیدیۆی شوێنێکی سەربازی لە ورمێ دەستگیرکرا.
میزان ئاماژەی بە شوێنی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکە نەکردووە، بەڵام بەگوێرەی هەندێک رێکخراوی مافی مرۆڤ، عەقیل کشاوەرز لە رۆژی 17ـی کانوونی یەکەم لە زیندانی ناوەندیی ورمێ خرایە ژوورێکی تاکەکەسییەوە.
ئاژانسی هەواڵیی دەسەڵاتی دادی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، عەقیل کشاوەرز بەگشتی لە شارەکانی تاران، شاهروود، ئیسفەهان و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوکاریی مۆساد و سوپای ئیسرائیلی کردووە.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی تاران و تەل ئەڤیڤ لە 13ی حوزەیرانی 2025 کە 12 رۆژی خایاند، ئێران چەندین کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستبەسەرکردووە کە زۆربەیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و تاوەکو ئێستا بەشێکیان لە سێدارە دراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ