رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران جارێکی دیکە هەڕەشەی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە، کە ئەگەر عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەریاننەکەن، بنکەکانیان لەنێو دەبەن.
محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران ئەمڕۆ 29.09.2021 لە کۆبوونەوەی "رێزگرتن" لە کوژراوانی "پێشمەرگە موسڵمانەکانی کورد" کە لە نێو کورد بە "جاش" ناودەبرێن، لە شاری سنە گوتی: پێشتر رامانگەیاندووە جوڵە و بنکەی دژبەرانی شۆڕش قبوڵ ناکەین و بە تووندی بەرەنگاری دەبینەوە".
محەممەد پاکپوور دەڵێت: "بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان رادەسپێرین تاوەکوو گرووپەکانی دژبەری شۆڕش (ئێران) لە باکووری عێراق دەربکەن، چونکە ئەگەر دەریاننەکەن ئێمە ئەرکی خۆمان بۆ لەنێوبردنی بنکەکانیان".
بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زۆر جار پێداگرییان لەسەر ئەو داواکارییانە لە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و هەڕەشەیان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
ئێران حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت و بەم بیانووەوە لە یەک مانگی رابردوودا بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە.
خالید عزیزی، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان – حدک رۆژی 27.09.2021 بە رووداوی گوت: ئێران بۆیە بوونی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی گەورە کردووەتەوە چونکە لە ناوخۆدا لەگەڵ قەیرانێکی بەرینی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرەوڕووە و لەلایەکی دیکەشەوە جموجۆڵی مەدەنی لە پەرەسەندندایە".
خالید عەزیزی هەروەها گوتی: ئەو هێزی پێشمەرگە کە لە سنوورەکانن بۆ ئەوە نییە هێرش بکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران".
ئەمساڵ بۆ یەکەمجار عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رۆژی 10.08.2021 لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، داوای دەرکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد.
دواتر محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران رۆژی 06.09.2021 رایگەیاند، سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکیی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، بەڵام هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە، بۆیە دانبەخۆداگرتنی سوپاش کۆتاییهاتووە و کۆماری ئیسلامی وەڵامێکی تووندی ئەو چالاکییانە دەداتەوە.
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1983 و دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بەسەر ناوچە رزگارکراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا گرتەوە، بنکە و بارەگاکانیان لە باشووری کوردستان جێگیرکرد.
ئەو حیزبانە ساڵانێکە چالاکی پێشمەرگانە و چەکدارییان راگرتووە و هۆکاری ئەمەش بۆ رەچاوکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەگەڕێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ