رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پۆلیسی بابل رایگەیاند، هەشت کەس لە دزینی گوێدرێژ و فرۆشتنی گۆشتەکەی بە چێشتخانەکانی حیللە تێوە گلاون و سێ کەس لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرکراون.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، پۆلیسی بابل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "تۆمەتبارێکیان بەتۆمەتی دزینی گوێدرێژ دەستگیرکردووە و دوای لێکۆڵینەوە، تۆمەتبارەکە دانی بەوەداناوە کە گوێدرێژی دزیوە و سەری بڕیوە و گۆشتەکەی بە یەکێک لە چێشتخانەکانی نێوەڕاستی شاری حیللە فرۆشتووە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2024، فەرماندەی پۆلیسی بابل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "دەمانەوێت بۆ رای گشتی رابگەیێنین کە پاش لێکۆڵینەوە لەو کەسەی تۆمەتبار بوو بە دزینی گوێدرێژ و فرۆشتنی گۆشتەکەی بەیەکێک لە چێشتخانەکانی ناوەڕاستی پارێزگای حیللە. دەرکەوتووە کە هەشت کەس لەم دۆسیەیە تێوەگلاون و تاوەکو ئێستا سێ کەسیان دەستگیر کردووە و پێنج کەسەکەی دیکەش فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە."
هەر بەپێی بەیاننامەکەی فەرماندەی پۆلیسی بابل ئەم سێ تۆماتبارە دانیان بەوە داناوە، کە ئەوان گوێدرێژیان لە ناحیەی سەددە دزیوە، پاشان سەریان بڕیوە و بەچێشتخانەی میشوار لە چوارڕیانی "الثورة" لە ناوەڕاستی حیللەیان فرۆشتووە.
پۆلیسی بابل گوتی: "دادگەی لێکۆڵینەوە بڕیاری داوە لیژنەیەک لە فەرمانگەی چاودێری تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تاوانی رێکخراو و فەرمانگەی ڤێتێرنەری، پۆلیسی بابل و فەرمانگەی ژینگەی حیللە دروست بکرێت، ئەوان چەند نموونەیەک لە گۆشتی ئەم چێشتخانەیان بۆ پشکنین ناردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەی دەرنەکەوتووە".
پۆلیسی بابل، بەڵێن بە هاووڵاتیان دەدات، پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکان ئاشکرا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ