حیزبی دەعوە: بەشێک نیین لە سیناریۆی راسپاردنی هیچ بەربژێرێک

01-02-2020
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن عێراق
A+ A-

رووداو- هەولێر 

حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی رایگەیاند، "ئێمە بەشێک نیین لە سیناریۆی راسپاردنی هیچ بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران".
 
ئەم هەڵوێستەی حیزبی دەعوە هاوکاتە لەگەڵ راسپاردنی محەممەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.
 
حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، "حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە هەموو عێراقییەکانی رادەگەیەنێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنی هیچ کەسایەتییەکەوە نییە کە گونجاو نەبێت لەگەڵ ئەو مەرجانەی عێراقییەکان لەسەریان رێککەوتوون".
 
لە راگەیێنراوەکەی حیزبی دەعوەدا هاتووە، "ئێمە لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی بەربژێرکردندا ویستمان بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کەسێکی سەربەخۆ، بەتوانا و دەستپاک بێت و بتوانێت سەروەریی و یەکێتیی عێراق بپارێزێت و خواستەکانی گەل و خۆپێشاندەرانیش بەدیبهێنێت، جگە لەوەش بتوانێت زەمینەسازی بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی عێراقییەکان دەنگی خۆیان بدەن بەبێ هیچ کارێکی نایاسایی، بۆ ئەوەی سندووقەکانی دەنگدان ئامرازی گۆڕینی دەستووری بن".
 
حیزبی دەعوەی ئیسلامی جەخت لەوە دەکاتەوە، "هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەشێک نییە لە سیناریۆی راسپاردنی هیچ بەربژێرێک بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران".
 
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 01-02-2020 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد تۆفیق عەللاویی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێکهێنانی حکومەت راسپارد. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، راسپاردنی محەممەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە بە رێککەوتنی هاوپەیمانیی سائیروونی سەر بە رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری کراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە