رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشە لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەکەن

02-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق ئەوانەی لە هێزە سیاسییە نوێیەکانن، رووبەڕووی هێرش و هەڕەشەی چەکداری لەلایەن هێزە سیاسییە گەورەکان دەبنەوە و رێگە لە کارەکانیان دەگیرێت و، لە لیژنە گرنگەکان دووردەخرێنەوە. 

رۆژی چوارشەممە، 2-8-2023، مستەفا سەعدوون، سەرۆکی روانگەی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، "بەشێک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و هێزە سیاسییە تازە دروستکراوەکان رووبەڕووی هەڕەشە و گوشار دەبنەوە، گوشارەکەش بە بەکارهێنانی تووندوتیژییە و هەندێکجار دەگاتە بەکارهێنانی چەک و هێرشی چەکداری لەلایەن هێزە سەربازییە کەسی و حیزبییەکانەوە."
 
بەپێی روانگەکە؛ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر پەرلەمانتاران، وادەکات خەڵک متمانەی بە هەڵبژاردن نەمێنێت و ئاست و رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لاواز بێت.
 
لە راگەیێندراوی روانگەکەدا هاتووە، "رەنگە ئەو هێرش و هەڕەشانەی بەشێک لە پەرلەمانتاران رووبەڕووی دەبنەوە هۆکارێک بێت بۆ لاوازکردنی چالاکیی سیاسییان و رێگەیان لێبگرێت لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو چ لەسەر ئاستی خۆجێی پاریزگاکان بێت یان پەرلەمانی."
 
ئەو روانگەیە دەڵێت، بەشێک لەو پەرلەمانتارانە سەربەخۆن، بەشێکیشیان لەو حیزب و لایەنانەی کە دوای خۆپێشاندانەکانی تشرینی ساڵی 2019ـەوە دروستبوون.
 
راپۆرتی ئەو روانگە عێراقییە باسی لەوە کردووە، هێزە باڵادەستەکان بە چەندین رێگە رووبەڕووی ئەو پەرلەمانتارانە دەبنەوە، لەوانە داخستنی نووسینگە، دوورخستنەوەیان لە لیژنە گرنگەکانی پەرلەمان، تەگەرەخستنەبەردەم کار و چالاکییەکانیان لە پەرلەمان، وەڵامنەدانەوەی نووسراوە فەرمییەکانی ئاراستەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی دەکەن.
 
روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ قسەی چەندین پەرلەمانتاری وەرگرتووە و بە بەڵگە هێناویەتییەوە، لەوانە گرتەیەکی ڤیدیۆیی پەرلەمانتاری پارێزگای بابل یاسر حوسێنی کە رۆژی 4ـی حوزەیرانی ئەمساڵ رایگەیاند، خۆی و خێزانەکەی رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە. دوای چوار رۆژ نووسینگەی ئەو پەرلەمانتارە رووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە. 
 
رۆژی 18ـی ئایاری 2023، هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی نووسینگەی پەرلەمانتاری واست، سەجاد سالمیان داخست و ئەو پەرلەمانتارە بە روانگەکەی گوتووە، "هەڕەشەکان بۆ بچووکردنەوەی قەبارەی ئۆپۆزیسیۆن و ئەو پەرلەمانتارانەیە، کە گەندەڵی هێزە سیاسییە چەکدارەکان ئاشکرا دەکەن".
 
بەشێک لەو پەرلەمانتارانە بەنیازی دروستکردنی حیزبی سیاسیین کە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئەمساڵ بکەن، ئەوەش لەپێناو رکابەرایەتیکردنی حیزبە گەورەکان کە لەدوای لەکارخستنی کاری ئەنجوومەکان لە ساڵی 2019ـەوە دەستیان بەسەردا گرتووە.
 
روانگەی عێراقی چاوپێکەوتنی لەگەڵ زایەر ساڵحی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی پارێزگای میسان کردووە و رایگەیاندووە، چوار جار هێرشکراوەتە سەر ماڵەکەی، جارێکیان بە مۆڵۆتۆف و بۆمب بووە و زیانی پێگەیاندووە، هۆکاری هێرشەکەشی بۆ خستنی سیاسی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، دەیانەوێت دووریان بخەنەوە.
 
مستەفا سەعدوون، سەرۆکی روانگەکە لەبارەی هەڕەشەی سەر ئەو پەرلەمانتارانەوە دەڵێت، "دەیانەوێت ناچاریان بکەن کە خۆیان بەربژێر نەکەنەوە و رێگەیان لێبگرن لە ئاشکراکردنی گەندەڵی."
 
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10-10-2021 بەڕێوەچوو، زیاتر لە 40 بەربژێر وەکو سەربەخۆ بوونە پەرلەمانتار، بەڵام دواتر ژمارەکە گۆڕانکاریی بەسەر هات، بەشێک لەو پەرلەمانتارانە چوونە پاڵ هێزە سیاسییەکان و هەندێکیشیان لە هێزە سیاسییەکان جیابوونەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە