ئەم ساڵ داهاتی نەوتی عێراق 10 ملیار دۆلار زیاد دەکات

02-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی 10 مانگی ئەم ساڵدا داهاتی نەوتیی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 81 ملیار دۆلار، چاوەڕوان دەکرێت ئەو داهاتانە ئەم ساڵ نزیکەی 10 ملیار دۆلار زیاتر بێت لەو بڕەی لە یاسای بودجەدا خەمڵێندراوە، شارەزا و مامۆستایەکی ئابووریی زانکۆی بەسراش دەڵێت: "ئەم ساڵ کورتهێنان لە بودجەدا نابێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 1-11-2023، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بایی 9 ملیار و 669 ملیۆن دۆلار نەوتی هەناردەکردووە، لە سەرەتای 2023ـیشەوە بە بەهای نزیکەی 81 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
 
لە 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا عێراق 105 تریلیۆن و 64 ملیار و 700 ملیۆن دیناری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە، لەکاتێکدا بۆ هەموو ساڵەکە پێشبینیکراوە نزیکەی 117 تریلیۆن دینار(90 ملیار دۆلار) داهاتی هەبێت، واتە داهاتەکەی لە داهاتی پێشبینیکراوی نێو یاسای بودجە زیاتر بووە، بەمەش کورتهێنانی کەمدەبێتەوە.
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، داهات، خەرجی و کورتهێنان بەمشێوەیەیە:

- داهاتەکان بە دۆلار و دینار

- 134 تریلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار 

داهاتە نەوتییەکان

117 تریلیۆن و 252 ملیار و 500 ملیۆن دینار

کورتهێنان: 

64 تریلیۆن و 422 ملیار و 242 ملیۆن دینار

 
لە 10 مانگی ئەم ساڵدا عێراق 80 ملیار و 819 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە، واتە نزیکەی 9 ملیار دۆلاری کەمترە لە کۆی داهاتە پێشبینیکراوەکانی ساڵێک بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023، لەکاتێکدا ئەم ساڵ دوو مانگی ماوە و ئەگەری هەیە لەو دوو مانگەدا عێراق لەنێوان 19 بۆ 20 ملیار دۆلار داهاتی دیکەی دەستبکەوێت، ئەگەر بەهای نەوت لەو ئاستەی ئێستایدا بمێنێتەوە.
 
شەوی چوارشەممە، 1-11-2023، د.نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی بەسرا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ داهاتەکانی عێراق زۆر لەوە زیاتر دەبن کە لە یاسای بودجەی 2023 دا هاتووە، چونکە بەهای بەرمیلی نەوت نزیکەی 15 دۆلار زیاترە لەوەی لە یاسای بودجە پێشبینیکراوە، جگە لەوەش بڕێکی زۆر کەمی پارەی وەبەرهێنانی خەرجکردووە. بۆیە ئەم ساڵ پێشبینیی دەکەم هیچ کورتهێنانێک لە بودجەدا نەبێت."
 
داهاتەکانی عێراق بەپێی مانگەکانی ساڵی 2023 بەمشێوەیە بوون:
 
- کانوونی دووەم: حەوت ملیار و 660 ملیۆن دۆلار
- شوبات: حەوت ملیار و 60 ملیۆن دۆلار
- ئادار: حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار 
- نیسان: حەوت ملیار و 690 ملیۆن دۆلار
- ئایار: حەوت ملیار و 320 ملیۆن دۆلار  
- حوزەیران: حەوت ملیار و 110 ملیۆن دۆلار 
- تەممووز: هەشت ملیار و 330 ملیۆن دۆلار 
- ئاب: هەشت ملیار و 990 ملیۆن دۆلار 
- ئەیلوول: نۆ ملیار و 490 ملیۆن دۆلار 
- تشرینی یەکەم: نۆ ملیار و 669 ملیۆن دۆلار 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە