رەوتی سەدر ئامادەکاری بۆ خۆپێشاندانێکی ملیۆنی دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
خۆپیشاندان
خۆپیشاندان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەغدا و 11 پارێزگای دیکەی عێراق، ئامادەکارییەکان بۆ خۆپێشاندانێکی ملیۆنی گەیشتوونەتە لووتکە، بڕیارە رۆژی شەممە بەڕێوەبچێت. خۆپێشاندانەکە وەک پەیامێکی ناڕەزایەتییە دژی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەروەها دژی شەڕ و وێرانکارییەکانی ناوچەکە.
 
لەبەردەم نووسینگەی موقتەدا سەدر لە بەغدا، ئامادەکارییەکان بە گەرمی بەڕێوەدەچن. سەدر داوای کردووە لە خۆپێشاندانەکەدا تەنیا ئاڵای عێراق بەرز بکرێتەوە و هیچ ئاڵایەکی دیکەی حیزبی نەهێنرێت، تاوەکو خۆپێشاندانەکە ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو رەنگەکان لەژێر دروشمی "ئاشتی بۆ ناوچەکە".
 
حاکم زاملی، جێگری پێشووتری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئامانجی خۆپێشاندانەکەوە دەڵێت: "ئەمە پەیامێکە بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا. شەڕ هەیە، کوشتن هەیە، ئاوارەبوون هەیە، وێرانکاری هەیە. ئەم خۆپیشاندانە بانگەوازێکە بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا."
 
هاوکات سەباح ساعدی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات: "ئاشتی بۆ هەموو بۆ هەموو عێراقییەکانە بۆ هەموو ناوچەکە و بۆ هەموو گەلانە بۆیە پێمان وایە بەدەنگەوە هاتنەکە بە ملیۆنی دەبێت."
 
لایەنگرانی رەوتی سەدر بە جۆشەوە خۆیان بۆ بەشداریکردن ئامادە کردووە. عەلاوی جەبار، کە یەکێکە لە لایەنگرانی سەدر دەڵێت: "بەژداری لە خۆپێشاندان دەکەین بەمردن لەگەڵ سەیدین سەید چی بڵێت دەیکەین لەخزمەتین."
 
 جەبار سەتار، لایەنگرێکی دیکەی رەوتەکە جەخت دەکاتەوە: "نەخێر نەخێر ئەمریکا نەخێر ئیسڕائیل. کوڕی محمد سەدر فەرمانی هەڵگرتنی تەنیا ئاڵای عێراقی پێکردوین، ئەو چی بڵێ لەگەڵیداین بڵێ بمرن دەمرین لەگەڵی."
 
هەروەها هاووڵاتییەکی خانەنشین بەناوی باوکی ئەحمەد، رەخنە لە بێدەنگیی وڵاتان دەگرێت و دەڵێت: "پێویستی بە بەژداریکردنێکی بەهێز هەیە، کوا عەرەب و موسڵمانان؟! نە خۆپیشاندانێکمان بینی نە سەرکۆنە کردنێک "
 
بڕیارە خۆپێشاندانەکە جگە لە بەغدا، 11 پارێزگای دیکە بگرێتەوە. ئەمە تەنیا خۆپێشاندانێک نییە، بەڵکو دەرخستنی هێزی رەوتەکەیە لە شەقام بەرامبەر رکابەرە سیاسییەکانیدا.
 
سەرەڕای ئەوەی ئێستا موقتەدا سەدر لەنێو پەرلەمان هیچ کورسییەکی نییە و لەنێو حکومەتیشدا هیچ وەزارەتێکیان بەدەستەوە نییە، بەڵام هەژموونیان لە شەقامدا وەک ئەو کاتەیە کە لە حکومەت و پەرلەماندا بوون؛ ئێستاش دەتوانێت تەنیا بە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەزاران کەس لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بهێنێتە سەر شەقام.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە