رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارێزگای زیقار دەڵێ، دوای هێنانی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، دوو هەزار چەکداری بۆ گرتووخانەی حووتی ناسریە گوێزراونەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەردەوامی چاودێری ناوچەکە دەکەن."
ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی پارێزگای زیقار، رۆژی هەینی، 3ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوای هێنانی زیندانییە داعشەکانی سووریا بۆ عێراق، پارێزگای زیقار دوو هەزار زیندانیی داعشی وەرگرت کە لە چەکدارە هەرە مەترسیدارەکانن و لە گرتووخانەی حووتی ناسریەن."
سەبارەت بە ژمارەی زیندانیانی ئەو گرتووخانەیە، ئەحمەد سەلیم گوتی: "جگە لەو دوو هەزار چەکدارە داعشانەی هێندراون، ئێستا ژمارەی زیندانیانی گرتووخانەی حووت گەیشتووەتە 13 هەزار زیندانی کە 9 هەزاریان حوکمی لەسێدارەدان و زیندانیی تاهەتاییان هەیە."
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کۆی ئەو ئەندامانەی داعش کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق پێنج هەزار و 704 کەسن و هەڵگری وڵاتینامەی 61 وڵاتن، کە پێنج هەزار و 244ـیان بیانین.
لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستی کرد بە گواستنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە لە سووریاوە بۆ عێراق.
گوتەبێژی پارێزگای زیقار ئاماژەی بە جووڵەی فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانی ناوچەکە کرد و گوتی: "ناوچەکە دەکەوێتە سەر هێڵی 32ی فڕینی جیهانی. هەر فڕۆکەیەک بیەوێ بۆ وڵاتێکی دیکەی دراوسێ بڕوات، دەبێت بەو هێڵەدا تێپەڕێت، بۆیە بە بەردەوامی دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان دەبیسترێ."
ئەحمەد سەلیم ئەوەشی گوت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەردەوام بە ئاسمانی پارێزگاکەوەن و چاودێری ناوچەکە دەکەن، "ئەوەش لەبەر بوونی گەورەترین و مەترسیدارترین گرتووخانەی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ