وەزارەتی نەوتی عێراق: لێچوونی نەوت لە بۆرییەکانی کێڵگەی عەجیل و پاڵاوگەی بێجی کۆنترۆڵکرا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، تیمە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور توانیویانە لێچوونی نەوت لە یەکێک لە بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوت لە نێوان کێڵگەی عەجیل و پاڵاوگەکانی باکوور لە قەزای بێجی بوەستێنن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی 3ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لێچوونی نەوتەکە لەو بۆرییەی کە قەبارەکەی 20 ئینجە، بۆ هۆکاری تەکنیکی و کۆنیی بۆرییەکە دەگەڕێتەوە. 
 
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە تیمەکانیان "بە کاتێکی پێوانەیی و تەنیا لە یەک کاژێردا" توانیانە بۆرییەکە چاک بکەنەوە و لێچوونەکە بوەستێنن.
 
سەبارەت بە کاریگەرییە ژینگەییەکانی ئەو لێچوونە، وەزارەتی نەوت رایگەیاندووە: "بەهۆی بارانبارین و دۆخی جوگرافیی ناوچەکە، بڕێک لەو نەوتەی لێی چوو بوو، رژاوەتە نێو رووباری دیجلە، بەڵام دەستبەجێ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی سەلاحەدین، مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە کرا و توانرا لێچوونەکە کۆنترۆڵ بکرێ."
 
کێڵگەی نەوتی عەجیل دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری تکریت لە پارێزگای سەلاحەدین و یەکێکە لە کێڵگە دەوڵەمەندەکان لە نەوتی خاو و گازی سروشتی. کێڵگەکە لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا و زیانێکی زۆری بەرکەوت، دواتر لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنترۆڵ کرایەوە و ئێستا لە قۆناخی چاککردنەوە و پەرەپێدانی بەردەوامدایە.
 
پاڵاوگەی بێجیش بە یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەی نەوت لە عێراق دادەنرێ. پێش شەڕی داعش، توانای پاڵاوتنی نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەبوو. ئەو پاڵاوگەیە بڕبڕەی پشتی دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ زۆربەی پارێزگاکانی عێراق.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە