رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی دەستەی داواکانی موڵکداری عێراق، پێچەوانەی دەستوورە و ئەو رەشنووسە یاسایەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەوە مەبەستە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە، دروست نییە و دەبێتە هۆی فەوتانی مافی بەشێکی هاووڵاتییان.
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەشنووسی ئەو یاسایەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران رەوانە کراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو رەشنووسە باسی هەڵوەشاندنەوەی دەستەی داواکانی موڵکداری دەکات پێچەوانەی مادەی 136ـی دەستووری عێراقە، کە دەڵێت دەستەی داواکانی موڵکداری، وەکو دەستەیەکی سەربەخۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی جێبەجێکردن کارەکانی بەردەوام دەبێت و بە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەبەسترێتەوە، هەروەها لە بڕگەی دووەمیشیدا دەڵێت "ئەنجوومەنی نوێنەران بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی، هەڵیدەوەشێنێتەوە."
رێبوار هادی گوتی "دەستەی داواکانی موڵکداری یەکێکە لە دامەزراوەکانی دادپەروەریی گواستنەوەیی، بەپێی مادەی 136ـی دەستوور دامەزراوە، هێشتا بەردەوامە، چونکە زۆر لە خاوەن مافەکان تاوەکو ئێستا داواکارییان پێشکێش نەکردووە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی پێچەوانەی دەستوورە، چونکە هێشتا پێویستە بمێنێتەوە."
بە گوتەی رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی دەستەی داواکانی موڵکداری، داوای کردووە یاسای دەستەکە هەموواربکرێتەوە و لانکەم بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لە وەرگرتنی داواکارییەکان بەردەوام بێت، چونکە یاساکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە؛ رۆژی 30-6-2011 دوایین رۆژی پێشکێشکردنی داواکارییەکانە.
ماهر فەیلی، رێکخەری ئەنجوومەنی سیاسیی فەیلی، لەبارەی پێشنیازەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەو داواکارییە نالۆژیکییە، چونکە هێشتا خەڵکێکی زۆر هەن کە کێشەیان هەیە و داواکارییان پێشکێشکردووە و چارەنووسیان نادیارە، زۆر کەسیش هەن کە داواکارییەکانیان پێشکێش نەکردووە، ئەوە پەیوەندیی بە مافی خەڵکەوە هەیە و نابێت ئەو دەستەیە هەڵبووەشێتەوە."
دەستەی داواکانی موڵکداری یەکێکە لەو دەستانەی بەپێی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2010 لە عێراق دامەزراوە، بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئەو زەوی و موڵکانە دەدات کە لەنێوان ساڵانی 1968 تاوەکو 1991 دەستیان بەسەردا گیراوە، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 16 هەزار داواکاری بۆ قەرەبووکردنەوە پێشکێشی دەستەکە کراون و بەشێکیان قەرەبوو کراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ