رووداو دیجیتاڵ
بۆ سێیەمجار بودجەی تەرخانکراو بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق دەستکاری دەکرێت و لەدوایین دەقی یاسای بودجە بۆ نیوە کەمدەکرێتەوە و دەکرێت بە 100 ملیار دینار. سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێشتر کە بودجەکە بۆ 200 ملیار دینار زیادکرابوو تەنیا بەڵێنی زارەکی بوو، ئەو پارەیەشی تەرخانکراوە زۆر کەمە و هیچی ئەوتۆی پێناکرێت."
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لەدواین دەقی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق کە لە ژمارە 4726ـی رۆژی 26ـی حوزەیرانی ئەمساڵی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، ئەو بودجەیەی بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق دیاریکراوە بریتییە لە 200 ملیار دینار، لەکاتێکدا ئەو بڕە پارەیەی بۆ جێبەجێکردنی مادەکە لەو دەقەی یاسای بودجە لە ژمارە 4729ـی رۆژی 17ـی تەمموزی 2023 بڵاوکراوەتەوە بریتییە لە 100 ملیار دینار، واتە کەمکردنەوەکە بەڕێژەی 50٪.
رۆژی پێنجشەممە، 3-8-2023، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر بودجەی تەرخانکراو بۆ مادەی 140 لەو رەشنووسەی حکومەتی عێراق ناردبووی 100 ملیار دینار بوو، دواتر کرا بە 200 ملیار دینار، ئێمە هەر ئەوکاتە پێمانوابوو ئەوە بەڵێنی زارەکییە و کرداری نییە، ئێستاش بۆ 100 ملیار دینار کەمکراوەتەوە."
گوتیشی، "ئەگەر 200 ملیار دیناریش بێت زۆر کەمە و هیچی پێناکرێت، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی حکومەتی عێراق ویستی جێبەجێکردنی ئەو مادە دەستوورییەی نییە، بۆیە دەبێت سەرکردایەتی کورد کاری زیاتر بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیە."
ئاماژەی بەوەشکرد، پارەکە لە ئاستی مادەی 140 و نەهامەتییەکانی خەڵکدا نییە." لێژنەی جیبەجێکردنی مادەی 140 نزیکەی 500 فەرمانبەری گرێبەستی هەیە، ئەو 100 ملیارەی بۆی تەرخانکراوە مووچەی ئەوانی پێدەدرێت یان خەڵک قەرەبوو دەکرێتەوە یان قۆناخی یەکەمی پێ تەواو دەکرێت؟ ئەوەندە کەمە هیچ شتێکی پێ ناکرێت."
هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، پێکهێنەری حکومەت، بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 28ی تشرینی دووەمی 2022 بڕیاریدا لیژنەی مادەی 140 دروست بکرێتەوە و لە ماوەی 10 رۆژدا کۆببێتەوە، لێژنەکە لە هەشت ئەندام پێکهاتووە.
لە رەشنووسی بودجەی گشتی عێراقدا، حکومەتی عێراق بڕی 100 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 دابینکردبوو، بەڵام دوای دەستکاریکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، بڕە پارەکەی بۆ دووهێندە زیادکرد.
پێشتر لەدوای رەشنووسی بودجەی عێراق کە لەبەردەستی پەرلەمانتاران بوو، لە خشتەی خەرجییەکان بەپێی کەرت و چالاکییەکانی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023، ئەو بڕە پارەیەی بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق تەرخانکراوە، بڕی 200 ملیار دینارە بۆ هەر ساڵێک، واتە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025 دەگاتە 600 ملیار دینار بوو.
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ