رووداو دیجیتاڵ
دوای گرژییەکانی رۆژی رابردوو، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەدایە بۆ تاوتوێکردنی داواکارییەک کە کراوە بۆ ئەوەی دادگە فەرمانی بەپەلە بۆ راگرتنی بڕیارەکەی سوودانی تایبەت بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەربکات.
رۆژی یەکشەممە، 3-9-2023، دادگەی باڵای فیدڕاڵی رایگەیاند کۆبوونەوەکەیەکی راوێژکاریی دەستپێکردووە بۆ بڕیاردان لەبارەی دەرکردنی بڕیارێکی بەپەلەی تایبەت بە راگرتنی ئەو فەرمانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووەیەتی بۆ رادەستکردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک کە سکاڵای لە دژ تۆمارکراوە.
لە 27ی ئابی 2023ـەوە لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک خۆپێشاندان بوو و رێگەی هاتووچۆی نێوان کەرکووک - هەولێر داخرابوو. خۆپێشاندەران کە بەشێکیان خۆیان وەکو ئەندامانی گرووپە چەکدارەکانی شیعە دەناسێنن، نایانەوێت ئەو شوێنانە رادەستی پارتی بکرێتەوە، کە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر ئەو حیزبەی تێدابوون.
رۆژی شەممەش بەشێک لە خەڵکی رەحیماوا بۆ کردنەوەی رێگەکە و ئاساییبوونەوەی هاتووچۆ خۆپێشاندانیان کرد، بەڵام خۆپێشاندانەکە گرژیی تێکەوت و بەهۆیەوە چوار گەنجی کورد بە گولـلە شەهیدکران. هاوکات 15 خۆپێشاندەری دیکەی کورد برینداربوون.
ناڕەزاییەکان دوای ئەوەدێت، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە گەڕانەوەی سەرجەم ئەو بارەگا و خانووانەی پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستانی تێدابوون و دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئەوانی تێدا نەماوەن.
رۆژی یەکشەممە، 3-9-2023، د. نازم شممەری، هاوئاهەنگیکاری دەستەی رای عەرەبی لە کەرکووک، لەبارەی ئەو داواکارییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایەک لەبارەی ئەو بابەتەوە تۆمارکراوە، ئێمە تۆمارمان نەکردووە، خەڵکی دیکە کردوویانە، باشترە دادگە بڕیاری خۆی لەبارەیەوە بدات."
هاوئاهەنگیکاری دەستەی رای عەرەبی لە کەرکووک روونیشیکردەوە، "ئێمە لەگەڵ ئەوەنین دۆخەکە ئاڵۆز بێت و بەداخەوە خوێنێ خەڵکی کەرکووک بڕژێت، بەڵام ئەوەی روویدا باش نەبوو، ئێمە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکین و دەبێت بە دیالۆگ ئەو بابەتە چارەسەربکرێت."
کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی لە دوو تەوەری پێکدێت، یەکێکیان تەوەری جێبەجێکردن و تەوەری دووەمیان یاسادانانە و لایەنەکان لەسەر رێککەوتوون، لە خاڵی 13ـی بەشی یەکەم واتە تەوەری جێبەجێکردن هاتووە"سەرجەم حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان و ئەوانی دیکەش مافی سیاسیی و دەستوورییان هەیە لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و دیالە و سەڵاحەدین کاربکەن، دەبێت بارەگای حیزبەکان کە ئەوانی دیکەی تێیدایە چۆڵ بکرێن."
لە رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان کەرکووک و دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد، پارتی لە کەرکووک کشایەوە و بارەگاکانی چۆڵکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ