رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان مانگانە بە 130 ملیار دینار خەمڵێندراوە کە 65 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، "پارەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵیش بەپێی ئەو پێدانی پارە و وەرگرتنەی لەنێوان هەردوو حکومەت هەیە یەکلایی دەکرێتەوە و نیوەی داهاتە سنوورییەکانی شەش مانگی رابردوو لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت."
رۆژی دووشەممە، 3-7-2023، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵیدا بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی رێککەوتن و خەمڵاندنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی، داهاتی مانگانەی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە 130 ملیار دینار خەمڵێندراوە کە لە ساڵێکدا دەکاتە یەک تریلیۆن و 560 ملیار دینار، لەو بڕە بەپێی یاسای بودجە نیوەی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت کە دەکاتە 780 ملیار دینار."
د. نەرمین مەعرووف گوتی: "بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و یاسای بودجەش لەو رێژەی 50٪ـەی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، رێژەی 20٪ی بۆ دەروازە سنوورییەکان و پەرەپێدانییان خەرجدەکرێت، 30٪یەکەی دیکەش بۆ خزمەتگوزارییەکانی نێو ئەو پارێزگایە دەبێت کە دەروازەکەی لێیە."
قەبارەی بودجەکە بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە، بەگوێرەى یاسای بودجە دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات، کە بۆ هەناردەکردن یان نێوخۆ بەکارى دەهێنێت، ئەمەش وەک یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستانە لەو بودجەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ