رووداو دیجیتاڵ
بیلال ناسری، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پۆستەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی نووری مالیکییەوە بڵاویکردەوە، بە پارە و لە ناوخۆی عێراقەوە ئامادە کراوە."
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، بیلال ناسری لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی رووداو گوتی: "ئەو پۆستەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی نووری مالیکییەوە بڵاویکردەوە، دەستوەردانێکی ئاشکرایە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق؛ ئێمە بە توندی رەتیدەکەینەوە و سەرکۆنەی دەکەین."
هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نووری مالیکیی بە "بژاردەیەکی زۆر خراپ" بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراق چواند و هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق رادەگرێت.
لە بەرامبەردا، دەوڵەتی یاسا دەڵێت کاندیدکردنی نووری مالیکی بەپێی "ئیستحقاق"ـی هەڵبژاردن و عورفی سیاسیی عێراق بووە و "چوارچێوەی هەماهەنگی" تەنیا لایەنی خاوەن بڕیارە لەو بارەیەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەژموونێکی گەورەی لە عێراقدا هەیە، بەتایبەت داهاتی نەوتی وڵاتەکە بەپێی رێککەوتنی دوای ساڵی 2003، لە بانکی یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرک دادەنرێت. بیلال ناسری لەم بارەیەوە گوتی: "ئێمە بەرژەوەندیی هاوبەش و رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، نامانەوێت رووبەڕووی وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمریکا ببینەوە یان کێشەمان لەگەڵی هەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵ دەدەن لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانەوە لەگەڵ ترەمپ قسە بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەڵە تێگەیشتنە.
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا پێیوایە: "ئەو پۆستەی ترەمپ بە هاندانی لایەنی عێراقی بووە و هەڵوێستی راستەقینەی سەرکردایەتیی سیاسیی ئەمریکا نییە، بەڵکوو بە پارە کراوە. بۆچوونێک هەیە کە پۆستەکە لە عێراق نووسراوە و لە رێگەی ئەکاونتی سەرۆکی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە؛ ئەمەش بەو مانایەیە هەندێک لایەن دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بسەپێنن."
دەوڵەتی یاسا دەڵێت ئەو کەسەی لە پشت ئەم کارەوەیە، لە نێو ماڵی شیعە نییە، بەڵام بۆ خەڵک و لایەنە سیاسییەکان ناسراوە. ناسری باسی لەوەش کرد کە ئەمریکا لەو پۆستەی بڵاویکردبووەوە پاشگەز بووەتەوە، هەر بۆیە "پۆستەکە سڕایەوە و مارک ساڤایا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە."
سەبارەت بە یەکدەنگیی لایەنە شیعەکان، ناسری گوتی: "تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی هەماهەنگی یەک بڕیارمان هەیە و دەستوەردانی دەرەکی رەتدەکەینەوە. هەرچەندە هەندێک لایەنی وەک (حیکمە و سادقوون) تێبینییان لەسەر مالیکی هەیە، بەڵام ئەوانیش دەستوەردانی دەرەکی رەتدەکەنەوە."
بیلال ناسری رەخنەی لە محەممەد حەلبووسی گرت کە لە چاوپێکەوتنێکدا، باسی لە پەیامی ناڕەزایەتیی ئەمریکا کردبوو و گوتی: "حەلبووسی هەوڵ دەدات دەستوەردان لە بڕیارەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بکات، ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە و قبووڵی ناکەین."
بە گوتەی بیلال ناسری، سێ دامەزراوەی سەرەکیی ئەمریکا (وەزارەتی دەرەوە، CIA و پنتاگۆن) هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کاندیدکردنی نووری مالیکی نییە و کێشەکە تەنیا "مارک ساڤایا" بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ