شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق: چالاکیی گوماناوی هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، چالاکیی گوماناوی لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەن چەند لایەنێکەوە بەدی دەکرێت. هۆشداریش دەدات هەر هەوڵێک بدرێت بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە و وروژاندنی تایفەگەری، رووبەڕووی رێکاری تووندی یاسایی دەبێتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئادارى 2026، سەعد معەن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێنراوێکدا هۆشداریی دا لەبارەی وروژاندن و هاندانى تایفەگەری و گوتی: "لە سەرووبەندی ئەو ئاڵۆزییانەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، جەخت لەوە دەکەینەوە ئاسایشی عێراق و شەقامیگرییەکەى دوو هێڵی سوورن کە نەرمییان لەگەڵدا نانوێنرێت، هەر هەوڵێک هەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە و هاندانی تایفەگەری، رووبەڕووی رێوشوێنی تووندی یاسایی دەبێتەوە."
 
سەعد معەن رایگەیاند، کە چالاکیی گوماناوی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند لایەنێکەوە بەدی دەکرێت، کە جێگەی چاودێریی وردی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی هەر کەسێک هەوڵ بدات زیان بە ئاسایشی نیشتمانی بگەیێنێت، یان بە گوتەی ئەو کەشی دیموکراسی بقۆزێتەوە بۆ زیانگەیاندن بە کۆمەڵگە.
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، یاسا بەسەر هەر کەسێکدا بەبێ جیاوازی جێبەجێ دەبێت کە بانگەشە بۆ گوتاری تایفەگەری بکات یان هانی بدات. 
 
ئەم هۆشدارییەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی بەهۆی کاریگەریی گرژییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلە لەسەر عێراق.
 
هەینی 20ی ئاداری 2026، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەندامێکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان دەرکرا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی سەربازگەی سپایکەر کە تێیدا 1700 خوێندکاری شیعە لە ساڵی 2014 بە دەستی داعش کوژران و پیرۆزبایی جەژنى لەسەر نوسیبوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە