رووداو دیجیتاڵ
لە سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵدا سێ پارتى سیاسى لە عێراق هەڵوەشێندراونەتەوە، هاوکات پارتێک بەهۆى کەمى تواناى داراییەوە داواى راگرتنى چالاکیەکانی کردووە، سێ پارتى دیکەش هەمان داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ راگرتنى چالاکیەکانیان.
هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتىی فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ لە سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵدا سێ پارتى سیاسى هەڵوەشێندراونەتەوە و حیزبێکیش بەهۆى کەمى تواناى داراییەوە داواى راگرتنى چالاکییەکانی کردووە، هەروەها سێ پارتى دیکەش هەمان داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ راگرتنى چالاکییەکانیان.
رۆژى یەکشەممە 3ى نیسانى 2022، کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە پارتێکى سیاسییان هەڵوەشاندووەتەوە لەسەر بنەماى داواکارییەک، کە دەستەى دامەزرێنەرى ئەو پارتە پێشکەشیانکردووە بە فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان.
هەیمان تەحسین، راگەیاند؛ ئەو پارتەى هەڵوەشێندراوەتەوە بە ناوى فەجر سادقە و بارەگاى سەرەکى لە بەغداى پایتەختە.
بزووتنەوەى فەجر سادق پارتێکى سیاسیى شیعە بووە و لەساڵى 2021 لە بەغدا دامەزراوە و عەمار خەفاجی، ئەمیندارى گشتى ئەو پارتە بووە.
هەیمان تەحسین گوتى: "بەرپرسانى ئەو پارتە داواکاریى هەڵوەشاندنەوەیان رادەستکردووین و پاساویان ئەوە بووە کە پارتەکەیان بۆ بەڕێوەنابرێت".
بەر لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو پارتە، 276 پارتى سیاسی لە فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ