رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ (سێشەممە، 6-2-2024) کاژێر 10ـی سەرلەبەیانی بە کاتی نیویۆرك، کاژێر 06:00ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی عێراق دەکات.
لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا ئەمە دەبێتە دووەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنە نێودەوڵەتییەکە سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەدیاریکراویش عێراق، دەکرێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای رووسیا، لە بارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سووریا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، رووسیا و چین، ئەمریکایان تۆمەتبارکرد بەوەی بەو هێرشانە، سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێکداوە.
درەنگی شەوی هەینی تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی شەممە، ئەمریکا هێرشی کردە سەر 85 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا، ئەوەش لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی، کە لە 28ـی کانوونی دووەم، لە بنکەیەکی ئوردن کەوتنە بەر هێرشی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو.
ئەمریکا لەو هێرشانەدا پێگەی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارە عێراقی و سوورییەکانی کردە ئامانج، کە بوونەتە هۆی زیادبوونی مەترسیی فراوانبوونی جەنگی غەززە، جەنگێک کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بەردەوامە.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ناڕەزایی حکومەتەکانی عێراق و سووریای لێکەوتەوە، لە پاڵ ئێران کە رەتیدەکاتەوە هیچ رۆڵێکی لە هێرشە درۆنییەکەی مانگی رابردوودا هەبووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ