سوننەکان کارنامەی خۆیان بۆ حکومەتى نوێ پێشکێش کرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کارنامەی خۆیان لەبارەی داواکارییەکانیان لە حکومەتى نوێ پێشکێش کرد. بەرپرسی یەکێک لە پێکهێنەرانی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، کارنامەکەیان تایبەتە بە بەرکەوتەکانی هەڵبژاردن و دۆسیەکانی ئاوارە و قەرەبووی سوننەکان.
 
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان بە بەشداریی هەر پێنج لایەنە پێکهێنەرەکەی کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە، ئەو لایەنە سوننانە ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەت.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، کارنامەی خۆیان لەبارەی تێڕوانین و پێشنیارەکانیان پێشکێش کردووە بۆ کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق.
 
محەممەد فەهداوی، رێگەپێدراوی هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەو کارنامەیەی پێشکێشیان کردووە، ناوەڕۆکەکەی نزیکە لەو کارنامەیەی کە بۆ حکومەتی پێشووى محەممەد شیاع سوودانى پێشکێشیان کردبوو، کە تایبەتە بە بەرکەوتەی هەڵبژاردن، کە شەش وەزارەتە لە حکومەتى نوێ، لەگەڵ چارەسەرکردنی دۆسیەى ئاوارەکان، قەرەبووی زیانلێکەوتووان، یاسای لێبووردنی گشتی و دۆسیەی لێپێچینەوە و دادوەری.
 
ئەو ئەنجوومەنە لە 23ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ پێکهێنرا و لە پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم پێکهاتوون.
 
لە 26ی نیسانەوە عەلی فالح زەیدی راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە بەگوێرەی دەستوور 30 رۆژی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی کارنامە و کابینەی حکومەتەکەی رادەستی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی متمانە وەربگرێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە