رووداو دیجیتاڵ
قاسم ئەعرەجی و باڵیۆزی بەریتانیا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن و ئەعرەجی رۆڵی دیپلۆماسیی عێراق بە گرنگ دەزانێت لە گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە".
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، قاسم ئەعرەجی، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکاریی نێوان عێراق و بەریتانیا لە هەموو ئاستەکاندا کرد.
قاسم ئەعرەجی تیشکی خستەسەر ئەو گرژییانەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەیانبینێت و لێکەوتەکانیان لەسەر لایەنی سیاسی و ئابووری، هەروەها جەختی لە گرنگیی رۆڵی دیپلۆماسیی عێراق کردەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری بکات.
ئەعرەجی ستایشی هەڵوێستی بەریتانیای کرد لە پاڵپشتیکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای متمانەی دوولایەنە و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "بەدیهاتنی سەقامگیریی سیاسی، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر سەقامگیریی ئابووری دەبێت و بەرەو گەشەپێدانی بەردەواممان دەبات."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باسی لە پێگەی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "عێراق بەشێکە لە دەوروبەری عەرەبی و شانازی بەو ناسنامەیەوە دەکات، پەیوەندیی هاوسەنگ و تایبەتیشی لەگەڵ هەموو وڵاتان لەسەر بنەمای پڕەنسیپی 'عێراق یەکەم' هەیە."
لای خۆیەوە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەربڕی و پشتیوانیی بەریتانیای بۆ هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە راگەیاند.
باڵیۆزی بەریتانیا پیرۆزبایی لە هێزە سیاسییەکانی عێراق کرد بۆ رێککەوتنیان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ