رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی ئێزدی، سابیئە و کوردانی فەیلی لە بەغدا کۆببووەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، داوای وەزارەتێکیان لە کابینەکەی عەلی زەیدی کردووە و نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پشتگیریکردنی پێداون.
خالید سیدۆ، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریشە، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کرد و گوتی: "ئێمە وەک سێ پێکهاتەی ئێزدی، سابیئە و کوردانی فەیلی گەیشتووینەتە رێککەوتن کە پێکەوە کار بکەین بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانمان لە حکومەتی نوێی عێراق دا."
سیدۆ ئاماژەی بەوە کرد، داوای وەزارەتێکیان بۆ پێکهاتەی ئێزدی کردووە، بەتایبەتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران یان وەزارەتی کولتوور. گوتیشی: "ئێزدییەکان زیاتر لە 12 ساڵە لە کەمپەکاندا دەژین و حکومەتەکانی رابردوو نەیانتوانیوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە ئێزدییەکان خۆیان خاوەنی وەزارەت بن."
سەبارەت بە دۆخی پارێزگای نەینەوا، خالید سیدۆ رەخنەی لە ئیدارەی پارێزگاکە گرت و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئێزدییەکان 12%ـی دانیشتووانی پارێزگاکە پێکدەهێنن، بەڵام هیچ پۆستێکی باڵای کارگێڕییان پێنەدراوە.
هاوکات ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد و گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی داوە کە رۆڵی هەبێت لە گەیاندنی داواکارییەکانمان بە فراکسیۆنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە. ئێمە داوامان کردووە پشکی پێکهاتەکان لە کابینەکەی عەلی زەیدی دوابخرێت تاوەکو لەسەر بەربژێرێکی گونجاو رێکدەکەوین."
سیدۆ وەکو نوێنەری پێکهاتەکانی ئێزدی، فەیلی و سابیئە قسەی کرد و گوتی: "ئێمە وەک سێ پێکهاتە گەیشتووینەتە رێککەوتن کە پێکهاتەکان فەرامۆش نەکرێن. لەسەر ئەوە سوورین کە دەبێت رای ئێمە وەربگیرێت و ئەمجارە وەزارەتێک بۆ پێکهاتەی ئێزدی بێت.
گوتیشی: "وەک ئەوەی لەگەڵ هەندێک هێزی سیاسی باسمان کردووە، دەڵێن عورفێکی سیاسی هەیە کە پۆستەکان بدەنە پێکهاتەیەکی دیاریکراو، بەڵام ئێمە ئەوە قبووڵ ناکەین. ئێمە سێ پێکهاتەین، ئەگەر لەسەر ژمارەی کورسی بێت ئێمە 3 کورسیمان هەیە، ئەگەر لەسەر ژمارەی پێکهاتەکان بێت ئێمە سێ پێکهاتەین. بۆیە داوامان لە بەڕێز سەرۆک کرد کە ئەم داواکارییەی ئێمە و پۆستی پێکهاتەکان لە بەرنامەی حکومەتدا جێگیر بکرێت و سازش لەسەر ئیستحقاقی خۆمان ناکەین."
سیدۆ پێیوایە کوردانی ئێزدی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەراوێزخراون و دەڵێت: "تاوەکو ئێستا گەلی ئێزدی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە پشتگوێ خراوە. شتێکی زۆر گرنگ روویدا، ئەوە بوو کە بڕیاردرا قەرەبووی خەڵکی ئێمە بکرێتەوە، بەڵام 12 ساڵ تێپەڕ بوو و هیچ قەرەبوویەک نەکراوە. باشە حکومەتی عێراق پێش 12 ساڵ لە کوێ بوو؟ ئەگەر نەتتوانی رووفاتی مردووەکانمان بگەیێنیتەوە دەستمان، ئەگەر نەتتوانی خانوەکانمان ئاوەدان بکەیتەوە، ئەگەر نەتتوانی خەڵکەکەمان لە کەمپەکان بگێڕیتەوە، تاوەکو کەی ئێمە فەرامۆش دەکەیت؟ ئێمە بە راستی لەسەر ئەم خاڵە دەوەستین و سازش لە ئیستحقاقی ئێزدییەکان ناکەین و ئەمجارە داوای وەزارەت دەکەین."
سەرۆکی فراکسیۆنی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش گوتی: "باس لەوە دەکرێت کە رۆژی دووشەممە دەنگ بە کابینەکەی بەڕێز عەلی زەیدی بدرێت. ئێمە وەک پێکهاتەکان هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەوەی رێککەوتن لەسەر پۆستەکان بکەین، بۆیە داوا دەکەین پشکی وەزاریی پێکهاتەکان دوابخرێت تاوەکو دەگەینە رێککەوتن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ