رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و عێراق لە بەغدا کۆبوونەتەوە و جەختیان لە دەستپێکردنی "قۆناخێکی نوێ"ـی هاوکاریی ئەمنی کردووەتەوە، کە تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
رۆژی هەینی، 7ی تشرینی دووەمی 2025، لیوا سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 6ی تشرینی دووەم، شاندێکی باڵای ئەمریکی و عێراقی لە بەغدا راوێژێکی تەکنیکییان لەبارەی داهاتووی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی ساڵی 2008 و بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "بەشداربووان پابەندبوونی خۆیان بە دامەزراندنی قۆناخێکی نوێی هاوکاریی ئەمنی دووپاتکردەوە، کە عێراقی فیدراڵ بەهێز دەکات بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆی و سوودی بەرچاوی بۆ گەلانی ئەمریکا و عێراق دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەرپرسە باڵاکان لە مانگەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە راوێژەکانیان بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکاریی ئەمنی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەسەر ئاستی درێژخایەن.
ئامانج لەو هاوکارییە نوێیە، وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بریتییە لە: "پشتگیریکردن و بەهێزکردنی توانست و ئامادەیی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکانی عێراق، بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە، هەروەها پاراستنی سەروەریی عێراق، تێکشکاندنی تیرۆر، بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات."
عێراق و ئەمریکا لە ساڵى 2008 رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژییان واژۆ کرد لەبارەى گۆڕینى ئەرکى سوپاى ئەمریکا لە شەڕەوە بۆ مەشق، دواى ئەوەى لە ساڵى 2011 سوپاى ئەو وڵاتە لە عێراق کشایەوە. هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە عێراق جێگیرن و پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەش ئەمریکایە.
27ی ئەیلوولی 2024 ئەمریکا و عێراق گۆڕانکارییەکی بەرچاویان لە هاوئاهەنگی سەربازیی نێوانیان راگەیاند کە بریتییە لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی جەنگیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دژی داعش لە عێراق.
ئێستا بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان جێگیربوون، تاوەکو ئەیلوولی 2026 دەمێننەوە، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، ئەمە یەکلایی نەبووەتەوە کە لە ئەیلوولی 2026 ئەو هێزانە باشووری کوردستان چۆڵ بکەن، "ئەوکاتە دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ مانەوەی ئەو هێزانە و هەڕەشەکانی تیرۆر و داعش دەکەین، ئینجا بڕیار دەدەین هێزەکان بە تەواوی بکشێنینەوە یانیش مانەوەیان درێژ بکەینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ