رووداو - هەولێر
ئەمریکا لە گەرمەی کەمکردنەوەی ستافی ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتییەتی لە عێراق کە بە USAID ناسراوە و کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکانیش نیگەرانن لەوەی ئەو هەنگاوە رێگە بۆ فراوانبوونەوەی هەژموونی ئێران لە وڵاتەکە و گەڕانەوەی داعش لە عێراق خۆش بکات.
بە گوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری "فۆرین پۆڵسی"ـی ئەمریکی، ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، ناسراو بە USAID، چاودێریی بەرنامەیەکی هاریکاری دەکات کە بودجەکەی زیاتر لە ملیارێک دۆلارە، بەڵام ساڵی رابردوو ژمارەی ستافی لە عێراق کەمکردەوە.
کریس مۆرفی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵیت، "کاری لەپێشینەی ئەمریکا ئەوەیە عێراق بخاتە سەر پێی خۆی، بەڵام کەمکردنەوەی ستافی USAID پێچەوانەی ئەمەیە".
مۆرفی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "بەبێ USAID هەژموونی تاران لە عێراق فراوانتر دەبێت و لە هەمانکاتدا هەلومەرجی سەرهەڵدانەوەیەکی دیکەی داعش دەرەخسێت".
کریس مۆرفی باس لەوە دەکات، "ئەگەر ئەو رێچکەیە نەگۆڕین، ئەوە عێراق بە بەردەوامی بەرەو قەیرانی سیاسی خلۆر دەبێتەوە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی ئێمە لە ناوچەکە دەکات".
هەندێک لە راوێژکارانی کۆنگرێسمانەکان بە گۆڤارە ئەمریکییەکەیان راگەیاندووە کە ئاژانسەکە بیری لەوەش کردبووەوە هاریکاریی پێشوەخت بۆ عێراق رابگرێت، هۆکاری ئەوەشیان بۆ کەمیی ستاف گەڕاندووەتەوە.
ساڵی رابردوو ئیدارەی کۆشکی سپی بڕیاری دا پێگەی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی لە عێراق کەمبکاتەوە. ئەوەش باڵیۆزخانە و هەموو دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی دیکەی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ