رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک لەبارەی کورسیی کۆتای کوردانی فەیلی کۆببێتەوە، کە تێیدا سکاڵاکار داوای تەرخانکردنی پێنج کورسی بۆ کوردانی فەیلی لە پێنج پارێزگای عێراق دەکات لە پەرلەمانی عێراق، سکاڵاکار دەڵێت: "ستەم لە کوردانی فەیلی دەکرێت."
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە دادگە ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنی 9 سکاڵا کۆببێتەوە، یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن پارێزەرێکی کوردی فەیلییەوە لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمارکراوە و داوا دەکات هاوشێوەی پێکهاتەی کریستیان کوردانی فەیلی لە بری یەک کورسییەکەی ئێستای پارێزگای واست، پێنج کورسییان هەبێت.
رۆژی سێشەممە، 8-8-2023، پارێزەر سوهام لەتف عەلی میرزا، سکاڵاکاری سکاڵاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دادگەی باڵای فیدراڵی لە بڕیاری ژمارە 43ـی ساڵی 2021دا بڕیاریدا پێکهاتەی فەیلی هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام کریستیانەکان لە پەرلەمانی عێراق پێنج کورسییان بۆ تەرخانکراوە و ئێمەش تەنیا یەک کورسی."
بەگوتەی ئەو پارێزەرە ژمارەی کوردانی فەیلی لە عێراق نزیکەی 4 ملیۆن کەس دەبن و ژمارەیان زیاترە لە پێکهاتەکانی دیکە بە نموونە کریستیانەکان و دەڵێت: "کوردانی فەیلی لە بەدرە و جەسان، نەعمانیە، خانەقین، مەندەلی، بەلەدروز و چەندین ناوچەی دیکە هەن، هیچ گونجاو نییە تەنیا یەک کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەبێت، بۆیە سکاڵاکەمان بۆ ئەوەیە لە پێنج پارێزگا بە کۆتا پێنج کورسی بۆ کوردانی فەیلی تەرخانبکرێت."
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگەی فیدراڵی کردووە مادەی 9/بڕگەی یەکەم/ب/5 و مادەی 9/بڕگەی دووەم/ب 1 و 2ـی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023ـی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگا و قەزاکانی عێراقی ژمارە 12ـی ساڵی 2018 بە نادەستووری هەژمار بکات و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پابەندبکرێت بە هەموارکردنەوەی ئەو مادانە کە پەیوەندیی بە کوردانی فەیلییەوە هەیە و 5 کورسی بە سیستەمی کۆتا لە پێنج پارێزگای عێراق تەرخانبکرێت.
دادگەی باڵای فیدراڵی لە بڕیاری ژمارە 43ـی ساڵی 2021 کە دوای سکاڵایەک لە دژی کورسیی پێکهاتەکان هات، رایگەیاند دەبێت پێکهاتەکانی ئێزدی و سابیئە و پێکهاتەی شەبەک و کوردانی فەیلی مامەڵەی سەرجەم رۆڵەکانی گەلی عێراقییان بۆ بکرێت.
کوردانی فەیلی، کە شیعە مەزهەبن، بەشێکی زۆریان لە سەردەمی بەعس لە عێراق دەربەدەرکران.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 500 ھەزار کوردی فەیلی لە بەغدا دەژین، فەیلییەکان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەم لە سەردەمی حکومەتی بەعس و هەم لە دوای 2003ـەوە رووبەڕووی نەهامەتیی زۆر بوونەتەوە، بەپێی دوایین ئاماریش زیاتر لە 20 هەزار کوردی فەیلی لە سەردەمی حکومەتی بەعسدا ئەنفالکراون. لە دوای 2006ـیشەوە بەردەوام "هەڕەشەی تیرۆریان" لەسەر بووە، بۆیە هەمیشە جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانیان دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ