رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند حکومەتی ناوەندی سەرجەم پابەندبوونە داراییەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردوون، دەشڵێت تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران ئەو پارانەی لەلای هەرێمی کوردستانە بووە، بەپێی خەرجیی راستەقینە زیاتر لە سێ هێندەی پشکەکەی بووە لە بودجەدا.
رۆژی هەینی، 8-9-2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵی تەواوی پابەندبوونەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە و هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پێشکێشکردنی چارەسەرییەکان، تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران بڕی ئەو پارانەی لە لای هەرێمی کوردستان بووە زیاتر لە سێ هێندەی پشکی هەرێمی کوردستان بووە بەپێی خەرجی راستەقینەی دەوڵەت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەوتی و نانەوتیی رادەست نەکردووە."
عەوادی، کە پۆستەکەی بە هەر سێ زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی کردووە، دەڵێت، "بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی دەبوو ئەو داهاتانە رادەستبکرێنەوە، سەرباری پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی بڕیاری دا گوناهی ئەو پابەندنەبوونە نەخرێتە سەر هاووڵاتیانی عێراقی لە هەرێمی کوردستان.. بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان تاوەکو کێشە داراییەکانی بەپێی رێکارەکان چارەسەر دەکات."
باسم عەوادی، باسی ئەوەشدەکات کە حکومەتی ناوەندی پابەندی مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و دەڵێت: "هاوشێوەی رژدبوونی لەسەر مافی هاووڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکە رژدین لەسەر مافی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە رێگەچارەی کێشەکانیش، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت: "پابەندبوون بە یاساکانی فیدراڵی و رێککەوتنە واژۆکراوەکان لەچوارچێوەی دەستوور کورتترین رێگەیە بۆ تەواوکردنی ناردنی پارە و تۆکمەکردنی متمانە."
ئەو قسانەی گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەکاتێکدان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس خشتەیەکی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە بۆ هەر مانگێک بەغدا دەبوو بەگوێرەی یاسای بودجە 1.375 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بۆ هەر سێ مانگەکە هەرێمی کوردستان "0٪ـی ئەو بڕەی پێگەیشتووە.
بڕیارە بۆ سێ مانگ بەشێوەی قەرز وەزارەتی دارایی عێراق 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. بەڵام لە 04-09-2023 ئومید سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەمان لە بەغدا گوتمان دەبێت هەموو شایستە داراییەکان بنێرن و رازی نەبووین بە میکانیزمی قەرز، بەڵام بڕیاری دوێنێ تاکلایەنە بووە و پرسیان بە حکومەتی هەڕیمی کوردستان نەکردووە نە لەسەر میکانیزمی قەرزەکە نە لەسەر بڕەکەی. چونکە بە 500 ملیار دینار رازی نەدەبووین ئەوە تەنیا 50٪ـی مووچە دابین دەکات."
رۆژی چوارشەممە، 6ی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "حکومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بۆ هەر هەوڵێک کە پێویست بێت بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم. جێگەی داخ و نیگەرانیمانە بەهۆی خەرجنەکردنی شایستەکانی هەرێم لەلایەن بەغدا، مووچەخۆران دوو مانگە مووچەیان دواکەوتووە، لەکاتێکدا هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەک بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور، جێبەجێی کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ