رووداو دیجیتاڵ
خانمە بەربژێرێک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە پارێزگای دیالە کشانەوەی لە پڕۆسەکە راگەیاند و دەڵێت، بەهۆی هەڕەشەکردنەوە لێی و هەوڵی رفاندنی کوڕەکەی ئەو کارەی کردووە؛ دەشڵێت، "گەندەڵی و گەندەڵکاران لە من بەهێزترن".
رۆژی یەکشەممە، 10-8-2023، زینە حافز ساڵحی، خانمە بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم لە پارێزگای دیالە، کشانەوەی خۆی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە رۆژی 18-12-2023 بەڕێوەبچێت، راگەیاند و گوتی، "گەندەڵکاران بە خۆشەویستترین ئەو شتانەی خاوەنیانم هەڕەشەم لێدەکەن؛ هەڕەشەیان گەیشتووەتە منداڵەکانم و پێش دەستپێکردنی کێبڕکێی هەڵبژاردن دەستیانکردووە بە هەڕەشەکردن لێم و هەوڵی رفاندنی کوڕەکەم. ئەوان هەڕەشەی کوشتنی کوڕەکەشەیان لێکردم."
زینە حافز ساڵحی دەشڵێت، "کشانەوەی خۆم رادەگەیێنم. بەداخەوە دەمویست ببمە نوێنەری ئەم گەلە ستەمدیدەیە و مافەکانی وەربگرمەوە، بەڵام بۆم دەرکەوت گەندەڵی و گەندەڵکاران لە من بەهێزترن و دەسەڵاتیشیان زیاترە."
بڕیارە لە 18ى کانونى یەکەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت و 6022 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە؛ بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکیشیان لە چوارچێوەی 66 حیزب و هاوپەیمانێتیدان.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت کە 10 کورسییان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن.
بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023 کە یاسای "هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراق ژمارە 12ی 2018"، کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان بە رەچاوکردنی ژمارەی دانیشتووان دابەشکراون:
- ئەنبار 16 کورسی
- بەسرە 22 کورسی
- دیوانیە 14 کورسی
- موسەننا 12 کورسی
- نەجەف 15 کورسی
- بابل 18 کورسی
- بەغدا 49 کورسی
- دیالە 15 کورسی
- زیقار 18 کورسی
- سەلاحەدین 15 کورسی
- کەربەلا 13 کورسی
- کەرکووک 15 کورسی
- میسان 13 کورسی
- نەینەوا 26 کورسی
- واست 14 کورسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ