کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق: داوای بودجە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

08-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی کۆمیسیۆن و پێداویستییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان خستووەتە بەردەم سەرۆکوەزیران و محەممەد شیاع سوودانی داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە پارەی پێویست بۆ ئەو هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقەکان تەرخانبکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 8-10-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرجەم رێکارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانمان خستووەتە بەردەستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پلان و وادەکان و رێوشوێنەکانمان بۆ روونکردووەتەوە، هەروەها پێداویستییە داراییەکانیشمان بۆ دیاریکردووە."
 
گوتیشی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە سەرجەم ئەو پارانەی وەکو بودجەی هەڵبژاردنی خولی شەشەم پێویستە تەرخانبکرێت و کارئاسانی بکرێت بۆ خەرجکردنی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووق لەو هەڵبژاردنە، هەروەها داوای لە وەزارەت و دامەزراوەکان کردووە کارئاسانی تەواو بکەن بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش."
 
سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ئەوانەی کە دەتوانن لە هەڵبژاردنی 25ـی شوباتی پەرلەمانی کوردستان دەنگبدەن، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق روونیکردەوە: "ژمارەی ئەو کەسانەی دەتوانن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەنگبدەن، 3 ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەسن، لەو ژمارەیە 2 ملیۆن و 742 هەزار و 216 کەسیان تۆماری خۆیان نوێکردووەتەوە و تۆمارکراون."
 
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2023 تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار بۆ کۆتایی 2023 درێژکرایەوە؛ چونکە بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی لایەنەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە فرە بازنەیی، نەتواندرا رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی  03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی داواکاری گشتیی لە بەرلین

داواکاری گشتیی بەرلین بۆ رووداو: هاووڵاتییەکی عێراقی تۆمەتباری دزییەکی گەورەی دزینی زێڕ و خشڵی دیکەیە

داواکاری گشتیی بەرلین دەڵێ، هاووڵاتییەکی عێراقی تەمەن 38 ساڵ کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە دزینی خشڵ و کاتژمێری گرانبەها بە بەهای 18 ملیۆن یۆرۆ تۆمەتبار دەکرێ، لە فڕۆکەخانەکەی پایتەختی ئەڵمانیا دەستگیرکراوە. بە گوتەی داواکاری گشتی، دیار نییە تۆمەتبارەکە عەرەبە یان کورد یان چ نەتەوەیەکی دیکە، بەڵام ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە وڵاتینامەی ئەڵمانی نییە.