رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی لە عێراق راگەیاند، فراکسیۆنەکەیان بەشداریی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەکات.
رۆژی شەممە،9ـی ئایاری 2026، د. ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارشەممەی رابردووەوە بڕیاری گەڕانەوەمان داوە، دوو رۆژ پێش هەموو دانیشتنێک دەبێت خشتەی کاری پەرلەمانمان بۆ بێت، بەڵام هێشتا نەهاتووە."
بڕیارە ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق دابنیشێت. د. ئەشواق جاف دەڵێت، گەڕانەوەیان بۆ بەغدا پەیوەستە بە دانیشتنی داهاتوو پەرلەمان و گوتی: "ئەوکاتەی بەرنامەی کارمان بۆ هات، فراکسیۆنی پارتی دەگەڕێتەوە بەغدا و بەشداری لە دانیشتنەکاندا دەکەینەوە."
ئەم بڕیارەی فراکسیۆنی پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، فراکسیۆنەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە دروستبوونی "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی" لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا کرد.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە 18ـی نیسانەوە گەڕابوونەوە هەولێر، لە خولی ئێستای پەرلەماندا جگه لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە 22 لیژنەی پەرلەمانیشدا ئەندامی دەبێت و سەرۆکایەتیی دوو لیژنەشی بەردەکەوێت. هەروەها بڕیارە لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا، بڕیارە پارتی دوو وەزارەت و چەند پۆستێکی باڵای دیکە وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ