رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق، ئاماری پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی چالاکییەکانی بۆ رووداو ئاشکرا دەکات. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ئەم ساڵدا نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر حوکم دراون.
رۆژی شەممە، 9ـی ئایاری 2026، عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دەستپێکی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، کۆی گشتیی سزادراوانی دۆسیەی مادە هۆشبەرەکان، گەیشتووەتە دوو هەزار و 498 کەس.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، لە ئەم ساڵدا 37 کەس سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 173 کەسیش بە تاهەتایی سزادراون، دوو هەزار و 288 کەسەکەی دیکەش سزای جیاوازی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
لەبارەی بڕی ئەو مادە هۆشبەرانەی کە لە ئەم ساڵدا لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە، گوتەبێژی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوە کرد، بڕی یەک تۆن و 563 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە.
عەباس بەهادلی دەڵێت، "عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کارەکانی فراوانتر کردووە و خاوەنی 37 خاڵی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی جیاواز، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی مەیدانی لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات بۆ بنبڕکردنی سەرچاوەکانی مادەی هۆشبەر."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق گوتیشی، "هاوکاریی و هاوئاهەنگی باڵامان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و زانیاریی گرنگ و بەردەوام لە نێوانماندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ