وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ رووداو: تورکیا ئاوی بەنداوەکانی بەرنەداوەتەوە

10-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لەلایەن تورکیاوە ئاگادارنەکراوینەتەوە لە بەردەوانەوەی ئاوی بەنداوەکانی و هیچ بڕە ئاوێکی زیادەی ئەوتۆمان بۆ نەهاتووە." دەشڵێت، "دۆخی بەنداوەکانی عێراق لەوپەڕی باشیدایە و هیچیان زیانیان بەرنەکەوتووە و بەنداوەکان ئامادەن بۆ وەرگرتنی هەر بڕە ئاوێکی زیادە کە تورکیا بەریبداتەوە."

رۆژی هەینی 10-2-2023 خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەبارەی ئەو ڤیدیۆ و هەواڵانەی باس لەوە دەکەن تورکیا بەهۆی مەترسی لەسەر بەنداوەکانی، بڕە ئاوێکی بەنداوەکانی بەرداوەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا هیچ بڕە ئاوێکی زیادە لەلایەن تورکیاوە بۆ نێو عێراق بەرنەدراوەتەوە. راستە بڕی ئاو کەمێک لە رۆژانی رابردوو زیادیکردووە، بەڵام ئەوە پەیوەندیی بە زۆریی بارانبارینەوە هەیە، نەک ئەوەی تورکیا ئاوی بەنداوەکانی بەردابێتەوە."

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق گوتیشی، "لەلایەن لایەنە فەرمییەکانی تورکیاوە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق پێ رانەگەیێندراوە. ئەو هەواڵانەشی باسی ئەوە دەکەن کە تورکیا ئاوێکی زۆری بەرداوەتەوە، راست نین."

لەبارەی دۆخی بەنداوەکان و پێویستیی عێراق بە ئاو، خالید شیمال ئاماژەی بەوە کرد، "بەنداوەکان لە دۆخی نیمچە پڕبوونن؛ بۆیە هەر بەردانەوەیەکی ئاو لەلایەن تورکیاوە باش دەبێت و مەترسیشی نابێت، چونکە چەند ساڵێکە بەهۆی وشکەساڵی و کەمیی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە زیانی زۆرمان بەرکەوتووە، جگە لەوە، ئێمە هەموو ئامادەباشییەک دەکەین بۆئەوەی لە کاتێکی وەهادا بەنداوەکان ئامادە بکەین."

خالید شیمال باسی لەوەش کرد، تیمەکانیان بەردەوامن لە نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی بەنداوەکان بۆ هەر ئەگەرێک لە بەردانەوەی ئاوی زیاتر لەلایەن تورکیاوە، بەتایبەت لەدوای رووداوی بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شووباتی ئەمساڵ کە زیانی گەورەی هەبوو.

سەبارەت بە دۆخی بەنداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێت، "بەنداوەکانمان سەلامەتن و هیچیان زیانیان بەرنەکەوتووە. هەموویان لە باشترین دۆخدان و تەنیا چاوەڕوانی ئەوەین ئاوی زیاتریان بچێتە نێو بۆئەوەی بتوانین وەرزی داهاتوو بێ کێشەی کەمئاوی بەڕێبکەین."

رۆژی 6ی شووبات بوومەلەرزەیەک کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریای هەژاند و لە هەرێمی کوردستان و چەند وڵاتێکی ناوچەکەش هەستی پێکرا. کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی رۆژی هەینی 10-02-2023 سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە لە 10 شارەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 18 هەزار و 342 کەس و 74 هەزار و 242 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی

چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرکۆنەی هێرشەکەی حمس دەکات

چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێ، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو تاوانە تیرۆریستییە دەکەین کە نوێژخوێنانی لە مزگەوتی ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تالیب (سڵاوی خوای لێبێت) لە شاری حمسی سووریا کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی بوونە قوربانی."