بەرگریی شارستانیی عێراق رێنمایی بۆ شەوی سەری ساڵ بڵاوکردەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رێنمایی تایبەت بە بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان لە شەوی سەری ساڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت، تەقاندنی یارییە ئاگرینەکان بە شێوەی ئاسۆیی قەدەخەیە و ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەس سەرپێچی رێنماییەکان بکات "دەستگیر دەکرێ". 
 
رۆژی هەینی، 26-12-2025، نەواس شاکر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی یارییە ئاگرینە گەورەکان و ناشبێت منداڵان بە هیچ جۆرێک ئەو یارییانە بەکاربهێنن."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێ، بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان لەم شوێنانەدا قەدەخەیە:
 
- نزیک نەخۆشخانە، بازاڕ و فرۆشگا بازرگانییەکان.
 
- نزیک وێستگەکانی سووتەمەنی، تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی و مۆلیدەکان.
 
- نزیک دار و دارخورما و بینای نیشتەجێبوون.
 
- شوێنە داخراوەکان یان ئەو شوێنانەی قەرەباڵخییەکی زۆریان تێدایە.
 
نەواس شاکر گوتی: "نابێت یارییە ئاگرینەکان لەنێو ماڵ یان لە نزیک بوتڵی گاز و بەرهەمە نەوتییەکان هەڵبگیرێن،" داواشی  لە هاووڵاتییان کرد، "بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان، پابەندی رێنماییەکان بن و دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی یارییەکان بە شێوەی ئاسۆیی، چونکە بەو جۆرە مەترسیی گەورە دروست دەکەن."
 
جەختیشی کردەوە رایگەیاند: "هێزەکانی ناوخۆ راسپێردراون کە هەرکەسێک پابەندی ئەو رێنماییانە نەبێت و سەرپێچی بکات، دەستگیر بکرێ."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە