لە گۆڕەپانی تەحریرەوە حەشد وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە: دەستوەردان رەتدەکەینەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
چەکدارێکی حەشدی شەعبی
چەکدارێکی حەشدی شەعبی
A+ A-

رووداو - بەغدا

حەشدی شەعبی لە گۆڕەپانی تەحریر یادی ئەو چەکدارانەی کردەوە کە 6 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە سنووری قائیم کوژران. ئەم یادکردنەوەیە وەک پەیامێکە بۆ ئەمریکا و نەیارانی ناوخۆییان کە "هێشتا هەژموونیان ماوە و هەڵوەشاندنەوەی حەشد رەتدەکەنەوە."
 
لە رۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی 2019، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا کۆگای چەک و بارەگاکانی سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقیان لە شارۆچکەی قائیم لەسەر سنووری سووریا بۆردوومان کرد، کە بەهۆیەوە لانیکەم 25 چەکدار کوژران و 50ی دیکەش بریندار بوون.
 
موهەنەد عیقابی، لە تیمی راگەیاندنی جەنگیی حەشدی شەعبی بە رووداوی گوت: "ئێمە لێرە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان، جیهادکارانی حەشد و هێزە ئەمنییەکان وەستاوین بۆ رێزگرتن لە تابووتی ئەو شەهیدانەی 6 ساڵ پێش ئێستا لە قائیم و سنوورەکانی عێراق شەهید بوون."
 
رێوڕەسمەکە لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بەڕێوەچوو و تێیدا پیاوانی ئایینیی نزیک لە حەشد و بەشێک لە کەسوکاری قوربانییەکان بەشدار بوون. زەهرا جاسم، هاوژینی یەکێک لە کوژراوەکان گوتی: "گیانمان قوربانی عێراق بێت، شەهیدەکانمان سەریان بەرز کردینەوە و هاتووین بەشداری لەم رێوڕەسمەدا بکەین."
 
شێخ محەممەد عەتوانی، کە پیاوێکی ئایینییە، پەیامێکی ئاراستەی دەرەوە کرد و گوتی: "پێیان دەڵێین ئەمە کاروباری تایبەت و ناوخۆییە. هەمیشە دەستوەردانە دەرەکییەکان لە کاروباری وڵات رەتدەکەینەوە، جا بۆ سەر حکومەت بێت یان خەڵک."
 
ئەم نمایشەی هێزی حەشدی شەعبی لەکاتێکدایە، ئەمریکا چەند جارێک پەیامی بە حکومەتی عێراق داوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی یان کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان دەکات.
 
پێشتر لە رۆژی 24ی ئەم مانگەدا، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "لەژێر هیچ گوشارێکی دەرەکیدا چەک دانانێین و بڕیاری چەکدانانی حەشد بڕیارێکی عێراقییە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە