رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە" دەکات ئەمڕۆ کرایە سەر نوێژخوێنانی مزگەوتێک لە شاری حمسی سووریا و ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە.
تەقینەوەکە ئەمڕۆ لە کاتی نوێژی هەینی لەنێو مزگەوتی (ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) لە گەڕەکی وادی زەهەب لە شاری حمس روویدا. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە هێرشەکەدا 8 کەس کوژراون و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 26-12-2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "کۆماری عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە نوێژخوێنانی مزگەوتی (ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تالیب)ی لە گەڕەکی وادی زەهەب لە شاری حمسی سووریا کردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی بێتاوان بوونە قوربانی."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ: "عێراق بە هەموو شێوەیەک تیرۆر، تووندوتیژی و تووندڕۆیی رەتدەکاتەوە، بێ گوێدانە پاساو و سەرچاوەکەی، چونکە ئەو جۆرە هێرشانە هاووڵاتیی مەدەنی و شوێنە پیرۆزەکان دەکەنە ئامانج و ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی دووبەرەکییە لەنێو کۆمەڵگەکاندا."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "عێراق پاڵپشتیی تەواوی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و بڕینی سەرچاوەکانی داراییان."
حمس شارێکی زۆرینە سوننە مەزهەبە، بەڵام چەندین گەڕەکی عەلەویشی تێدایە. لە دوای لادانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لە ساڵی 2024.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ